رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتەکەی کرد.
بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رووداو، دوای تەواوکردنی رێکارەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارتی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلە بەرزکردنەوەکەی دوو هەزار و 364 ئەفسەری وەزارەتەکە کردووە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرە قارەمانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رادەگەیەنین، لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە کە وەک تیمێکی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆرمان داوە تاوەکو ئەم پرۆسەیە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەین".
وەزیری پێشمەرگە دەڵێت: "دڵنیایی بە ئەو ئەفسەرانە دەدەین، کە ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە، بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامییان بۆ دەخوازم".
