رووداو دیجیتاڵ
سێ ناوچەی باشووری کوردستان بەربژێر دەکرێن بۆ رکابەری لەسەر ناسناوی باشترین گوندی گەشتیاریی جیهانی، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو لەلایەن رێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە یەکلایی بکرێتەوە.
سێشەممە 12ی ئایاری 2026 عەلی یاسین، بەڕێوەبەری گشتی و گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حەوت ناوچە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەربژێر دەکەن بۆ ئەوەی رادەستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشتوگوزار بکرێن، تاوەکو ببنە بەربژێر و رکابەری بکەن لە چوارچێوەی دەسپێشخەریی باشترین گوندی گەشتیاری لە جیهاندا و سێ لەو گوندانە لە هەرێمی کوردستانن."
عەلی یاسین رایگەیاند، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بریتین لە: بیارە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، هرور لە سنووری پارێزگای دهۆک و رواندز لە سنووری پارێزگای هەولێر.
ئەو بەرپرسەی گەشتوگوزاری عێراق پێیوایە، ئەو هەنگاوە کاریگەریى دەبێت لەسەر بووژاندنەوەى کەرتی گەشتیارى لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
