رووداو دیجیتاڵ
بارهەڵگرێک لەسەر شەقامێکی هەولێر لە سایدی پێچەوانە بە خێراییەکی زۆر خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێل کێشا و بەپێی زانیارییەکان، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 8ی دیکە بریندارن.
سەعد کەمال، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات لە هەولێر بە رووداوی گوت، "لە رووداوی بارهەڵگرەکەی رێگای کۆیەدا، کەسێک گیانی لەدەستداوە و حەوتی دیکە بریندارن کە دۆخی دووانیان ناجێگیرە".
بە شۆفێری بارهەڵگرەکەوە دەبنە 8 بریندار کە پۆلیس لە نەخۆشخانەکە دەستگیریان کردووە و گواستوویانەتەوە.
رووداوەکە لە کەسنەزانی هەولێر بووە، لە شەقامی کۆیە. تائێستا زیانە مادییەکان بەتەواویی دیار نین، تەنیا دەزانرێت کە لانیکەم 9 ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بارهەڵگرەکە لە ئاراستەی کۆیەوە چووەتە نێو هەولێرەوە و باری گەچی پێبووە.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، "شۆفێری بارهەڵگرەکە نەسووتاوە و بریندار نییە، لە لایەن پۆلیسی کەسنەزانەوە دەستگیرکراوە".
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، "نەمانی برێک - ئیستۆپ هۆکاری رووداوەکە بووە".
بەگوێرەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات لە هەولێر، دۆخی دووان لە بریندارەکان ناجێگیرە و ئەگەری هەیە دۆخی یەکێکی دیکەشیان بەرەو ناجێگیریی بچێت.
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، ناوی مام عەلییە، تەمەنی 66 ساڵانە، مردنەکەی دەستبەجێ بووە لە شوێنی رووداوەکە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)