رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر راگەیاند، پێدانی جەژنانە بە کرێکارانی ژینگەپارێز ناچاری نییە و هەر کرێکارێکیش بە پاساوی پێنەدانی جەژنانە، زبڵ و خاشاکی ماڵان کۆ نەکاتەوە، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێدانی جەژنانە بە کرێکارانی ژینگەپارێز بابەتێکی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاووڵاتییەک ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەک بە ناوی جەژنانە یان هەر ناوێکی دیکە بەو ژینگەپارێزانە بدات."
ژیار جەلال گوتی: "هەزار کارمەند و 600 ئامێرمان بۆ خزمەتگوزاریی پاککردنەوە هەیە، هیچ کرێکارێک بۆی نییە کێشە بۆ ئەو ماڵانە دروست بکات، کە جەژنانە نادەن، یان زبڵ و خاشاکیان بۆ کۆنەکەنەوە، هەر کەسێک رەفتارێکی وەها بکات، سزا دەدرێت."
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە فێڵی هەندێک سواڵکەر ئاگادار بن و گوتی، سواڵکەران بەناوی کرێکارانی شارەوانییەوە پێش جەژن لەناو کۆڵانەکان دەگەڕێن بۆ وەرگرتنی جەژنانە "ئێمە وەک شارەوانی هیچ پەیوەندییەکیانمان پێیانەوە نییە و ئەگەر هاووڵاتییان نیازی هاوکارییان هەیە، تەنیا بیدەنە ئەو کرێکارانەی کە ئامێری کۆکردنەوەی خاشاکیان لەگەڵە."
ژیار جەلال داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی بینینی هەر رەفتارێکی نەشیاو لەلایەن کرێکارانەوە، وەک (بەزۆر وەرگرتنی پارە، دیاریکردنی بڕی پارەکە، دانانی نیشانە لەسەر دەرگای ماڵان یان کۆنەکردنەوەی زبڵ)، پەیوەندی بە ژمارەی سکاڵای بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن: 07509584838.
ساڵانە چەند رۆژێک بەر لە جەژنی رەمەزان و قوربان، ئەو کرێکارانەی زبڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە، داوای جەژنانە دەکەن، هاونشتمانیانیش بەپێی توانای خۆیان پارەیان دەدەنێ.
