رووداو دیجیتاڵ
فێنک پشتیوان، کچە شۆفێری تەمەن 16 ساڵ، بووەتە جێگەی سەرنجی خەڵکی دەشتی قەراج و مەخموور، دوای ئەوەی لە وەرزی دروێنەدا بەیانیان تا ئێوارە بە دەراسە دەچێتە کێڵگەکان و هاوشانی باوک و براکەی کار دەکات. فێنک کە ئەمساڵ پۆلی 11ی زانستیی تەواو کردووە، جگە لە لێهاتوویی لە شۆفێری، بە زیرەکی لە خوێندنیشدا ناسراوە.
فێنک پشتیوان، سەبارەت بە کارەکەی بە رووداوی راگەیاند: "هەر زۆر منداڵ بووم کە دەستم بەم ئیشە کرد یەکەمجار تراکتۆر و مەرزیەم لێخوڕی لەگەڵ پیکاب 80 دواتر وردە وردە زیادم کرد بۆ قەلاب و دەراسە ، ئێستا دوایینجار بوومە بە شۆفێری دەراسە ، لەم ئیشە ئەوەی موهیمە دوگمەکانی دەراسە فێربیت نزم کردن و بڵند کردن و رۆیشتن زۆر گرنگن هەمووی گرنگە دەبێت هەمووی بزانی بەس سوکان گرتن نییە ، گەنمەکەش نابێت سەقەت بێت دەبێت لەگەڵ بنەوە بڕۆی لەگەڵ قیاسەکان بڕۆی ، تا ئێستا هیچ گەنمێکم سەقەت نەکردووە ، ئێستا تۆش دەتوانی دەراسە فێربیت بە سێ بۆ چوار رۆژ".
فێنک منداڵی سێیەمی خێزانەکەیەتی و چوار خوشک و برای دیکەی هەیە. باوکی کە شانازی بە کچەکەیەوە دەکات، دەڵێت فێنک بووەتە یاریدەدەری سەرەکیی خێزان و تەنانەت دراوسێکانیشیان.
پشتیوان عەباس، باوکی فێنک لەبارەیەوە بە رووداوی گوت: "نەک خێزانم ، دراوسێکانیشم هەموو خزمین ئێمە وەک بڵێین گیانێکییان بە فێنکە ، بە رۆژ پیکەبێکی پێیە لای خۆمان پێی دەڕواتە قوتابخانە هەندێک قوتابی خۆمان هەیە لەگەڵ خۆی دەیبات کەسێک نەخۆشبێت دراوسێکان تەلەفۆنی بۆ دەکەن یانی فێنک دەست و قاچی ناوچەکەیە نەک بەس من".
لە مێژوودا هەمیشە ژنانی کورد ئازایەتی و ئازادی و کارکردنیان هاوشانی پیاوان جێگەی سەرنجی گەڕیدە و مێژوونووسان بووە و فێنک پشتیوانیش ئەمڕۆ وەک نموونەیەکی نوێی ئەو ئازایەتییەی ژنی کورد لە دەشتی قەراج و مەخموور دەردەکەوێت.