رووداو دیجیتاڵ
سەرنجڕاکێشانی کڕیاران و ترێندی جیهانی، وایکردووە بەشێکی زۆری خاوەن کارەکان لە شاری هەولێر، لە دیزاینی تابلۆی دووکانەکانیاندا زیاتر پشت بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی ببەستن و زمانی کوردی یان بەتەواوی فەرامۆش بکەن، یان بەشێوەیەکی لاواز و تەنانەت بە هەڵەی رێنووسی بەکاری بهێنن.
لە یەکێک لە نموونەکاندا، دووکانێکی مۆبایل تابلۆیەکی بە رووبەری 9 مەتر و 60سم هەڵواسیوە، کە زۆربەی بەشەکانی بە ئینگلیزی نووسراوە و تەنیا بەشێکی بچووک نەبێت کە بە فۆنتی عەرەبی نووسراوە، خاوەنەکەی پێیوایە کوردییە.
رێباز جەعفەر، کە دووکاندارە، لەبارەی هۆکاری ئەم دیاردەیە بە رووداوی گوت: "مۆبایل بۆ نموونە کە ناوێکی گەورە دەنوسی بە کوردی جێگەی زیاترت لێدەگری بەڵام ئەگەر تۆ کورتکراوەی ئینگلیزی بخەیە ناو یان بە ناوی ئینگلیزی بنوسی دەتوانی بە 2پیت ناونیشانەکەی خۆت بنوسی بە جوانترین شێوەش ، جگە لەوە تۆ پارەی تابلۆت لەسەر هەژمارە دەبێت ئەوەش رەچاو بکەی".
هاوکات چاپخانەکان کە جێبەجێکاری ئەم تابلۆیانەن، باس لەوە دەکەن کە خواستی کڕیارەکان زیاتر بەرەو زمانی عەرەبی و ئینگلیزییە. شوان محەمەد، خاوەن چاپخانەیەک کە لە ساڵی 2014ـەوە کاردەکات، دەڵێت: "زۆرترین زمان کە ئەو کڕیارانەمان داوای دەکەن زمانی عەرەبییە ، ئێمە کە تابلۆیەک درووستدەکەین ئینگلیزییەکەی 5 مەترە کوردییەکەی یەک مەترە ، خۆی دەبێت زمانی کوردی 5 مەتربێت زمانەکەیدییکە بچووکتر بێت".
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە شوباتی 2023ـەوە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدان بە زمانی کوردی دەرچووە، کە یەکێک لە خاڵەکانی ناچارکردنی شوێنەکانە بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکانیان.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، جەخت لە پابەندبوون بەو بڕیارە دەکاتەوە و بە رووداوی گوت: "لە خاڵە سەرەکییەکان لەسەر تابلۆکان دەبێت زمانی کوردی بە گەورەیی و بەرچاوی دیاربێت یاخود کە مۆڵەتییان بۆ نوێ دەکەینەوە ئەو شوێنە پیشەییانە".
سەرەڕای بەدواداچوونی مەیدانیی رووداو، دەرکەوتووە کە هەرچەندە زۆربەی شوێنەکان تا رادەیەک پابەندی نووسینی کوردی بوون، بەڵام جێبەجێکردنی مەرجی "بە گەورەیی و زەقی" نووسینی کوردی لەسەر تابلۆکان، کە ئامانجی سەرەکی بڕیارەکەیە، هێشتا کەمترین پابەندی پێوە دیارە.