رووداو دیجیتاڵ
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان رایگەیاند، 8 گەنجی هەرێمی کوردستان 72 رۆژە بێسەروشوێنن، لە لیبیا کەوتوونەتە دەست باندێکی مافیا و داوای "5000 تاوەکو 6000 هەزار دۆلار دەکەن" بۆ ئازادکردنیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 26-05-2026 بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هەشت گەنجی هەرێمی کوردستان، کە حەوتیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و یەکێکیان خەڵکی شارەزوورە، کەوتوونەتە دەست باندێکی مافیا و لە تەرابولسی لیبیا دەستبەسەر کراون."
بە گوتەی بەکر عەلی، باندەکە رێگەیان نەداوە ئەو گەنجانە پەیوەندی بە ماڵباتەکانیان بکەن؛ دەڵاڵێکیان لە دەڤەری راپەڕین راسپاردووە، کە قسە لەگەڵ ماڵباتەکانیان بکات. داوا دەکرێت حکومەت بێتە سەر هێڵ.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژەی بەوەش داوە، باندەکە خەڵکی سووریان و چەند ساڵێکە لە لیبیا دەستبەسەرکردن و کاری مافیایی دەکەن. دەشڵێت، "جگە لە کورد، خەڵکی نەتەوەکانی دیکەش دەستبەسەر دەکەن."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، "باندەکە بە گەنجەکانیان گوتووە، لە ئەگەری رازینەبوونی ماڵباتەکانیان بەو بڕە پارەیە، هەڕەشەی فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیان لێ کراوە."
بەکر عەلی گوتی، وێنەی پاسپۆرتی گەنجەکانی لە دەڵاڵەکەوە بۆ نێردراوە و هیوادارن بە زووترین کات چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. ئینجا لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ یان باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا.
