رووداو دیجیتاڵ
بڕی 700 ریاڵی سعودی وەک دیاری بەسەر حاجیانی عێراقدا دابەش دەکرێت. گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەگەر بڕیارەکە هی سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت، پێویستە حاجیانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
شێخ دلێر جەبار بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق، رۆژی دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، لە شاری مەککەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕە پارەکە 700 ریاڵی سعودییە. لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە پرۆسەی دابەشکردنی پارەکە بەسەر حاجیاندا دەستیپێکردووە و بەشێکی زۆریان وەریانگرتووە."
سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو پارەیە، ئەو بەرپرسەی حەج و عومرەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بڕە پارەیە لە بەرامبەر "قوربانیکردن" لە حاجیان وەرگیراوە و ئێستا دەدرێتەوە بە خۆیان. گوتیشی: "دەستەی حەج و عومرەی عێراق لەگەڵ سعودیە هاوئاهەنگی کردووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ قوربانی بۆ حاجیان بکرێت، نەک حاجییەکە خۆی بیکات."
ژمارەی حاجیانی عێراق نزیکەی 43 هەزار کەسە، بەگوێرەی راگەیێندراوی نێردەی حەجی عێراق، ئەم هەنگاوە بە رەزامەندیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە رێنمایی شێخ سامی مەسعوودی، سەرۆکی نێردەی حەج بووە. پارەکە لە "داهاتی خودی دەستەی باڵای حەج و عومرە" دابینکراوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگرانیی داراییە لەسەر شانی حاجیان.
دابەشکردنی پارەکە لەنێو هۆتێلەکانی نیشتەجێبوونی حاجیان لە مەککە بەردەوامە و لیژنە تایبەتمەندەکان راستەوخۆ دیارییەکە دەگەیێننە دەست میوانانی خودا بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی فەریزەی حەج بکەن.
ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ پێنج هەزار و 122 کەسن، کاروان ستوونی، گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: "ئەگەر پارەکە لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە خەرج کرابێت، دەبێت حاجیانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام ئەگەر تەنیا لە داهاتی دەستەی حەج و عومرەی عێراق بێت، ئەوە بابەتێکی دیکەیە."
گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوەختە ئەو بڕە پارەیەی بۆ قوربانیکردن بۆ حاجیانی خۆی دابینکردووە .هۆتێل و خزمەتگوزارییەکانی حاجیانی هەرێمی کوردستان زۆر باشتر و گرانترن لە حاجیانی عێراق، هۆتێلەکانیان نزیکتر و پاکترن."
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستەی گشتیی حەج و عەمرەی عێراق ساڵانە بڕیاری لەم شێوەیان هەیە و پارەیەکی باشیان لەبەردەستە، ىەڵام بڕیارەکە حاجیانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە".
بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار ملیار دینار پاڵپشتی حاجیانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەو پاڵپشتییەش بەکارهاتووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی حەج".
