رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران دەڵێ، شاندێکی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف چووەتە قەتەر. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەیە کە بە نێوەندگیریی پاکستان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دەستیانپێکردووە.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئایاری 2026، شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکار چووەتە قەتەر؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم سەردانە لە درێژەی ئەو پرۆسە دیپلۆماسییە چڕەدایە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا بە نێوەندگیریی پاکستان و بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ دەستیپێکردووە.
بەپێی میدیای ئێران، بڕیارە لەم سەردانەدا شاندی ئێرانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەتەر کۆببێتەوە و گفتوگۆ و راوێژ لەسەر چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە دانوستاندنەکان و گەیشتن بە ئاگربەست بکەن.
11ی نیسانی 2026، دانوستاندنی شاندی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پاکستان بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو.
ئێستاش هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بە مەبەستی گەیشتنی هەردوو وڵات بە رێککەوتن.
