رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا و پرسی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەیان، گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر. ئەمەش لەکاتێکدایە نێوەندگیرییەکانی دۆحە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە چڕبوونەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، شاندێکی باڵای تاران کە پێکهاتوون لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران، گەیشتنە دەوحە.
ئەمە یەکەمین سەردانی شاندێکی باڵای ئێرانە بۆ ناوچەکە لەدوای دەستپێکردنی جەنگ کە تێیدا تاران بە هەزاران درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر چەند وڵاتێکی کەنداو، لەوانەش بنکەی (عودەید)ـی ئەمریکی لە قەتەر.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "کۆبوونەوەکان تیشک دەخەنە سەر پرسی ئاسایشی تەنگەی هورمز و دۆسیەی یۆرانیۆمی پیتێنراو. هەروەها ئامادەیی پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو پارە بلۆککراوانەی کە لە چوارچێوەی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن و وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی ئاماژەیان پێکراوە."
ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)ـی فەرمی لە ئێران بڵاویکردەوە، شاندەکە لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆدەبنەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجی سەردانەکە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی واشنتن لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی جیددییە پێش ئەوەی تاران رەزامەندی لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست بدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی (فارس)، واشنتن رەزامەندی نیشانداوە لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی تاران ئازاد بکات و کۆتایی بەو گەمارۆ دەریاییە بهێنێت، کە خراوەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران.
پێشتر پاکستان نێوەندگیری سەرەکیی نێوان تاران و واشنتن بوو بۆ کردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا رۆڵی قەتەر بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە ئەمریکا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد.
لە ساڵی 2023دا، بڕی 6 ملیار دۆلاری ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە گواسترانەوە بۆ قەتەر، بەڵام دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر و تێکچوونی پەیوەندییەکانی واشنتن و تاران، پرسی ئازادکردنی ئەو پارانە هەڵپەسێردرا.
