رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی نوێی کۆمپانیای PwC، کۆمپانیای پێرڵ پێترۆلیۆم (Pearl Petroleum) لە بەرنامەیدایە لەنێوان ساڵانی 2026 بۆ 2035 دا بایی 10.2 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکات، ئامانجەکەی دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی و زیادکردنیەتی لە 750 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا (MMscfd) بۆ ئاستێک کە دەگاتە 1,650 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
بەپێی ئەو راپۆرتەی لەلایەن PwC ئامادەکراوە و تێیدا شیکاری بۆ کاریگەریی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان کراوە، پلانی فراوانکردنی 10 ساڵەی پرۆژەی گازی کوردستان وەکو بزووێنەرێکی سەرەکیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان کار دەکات، کە دەبێتە هۆی بەشداریکردن لە کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بایی 420 ملیار دۆلار هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا.
جگە لەوەش، لە رێگەی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەردوو کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ، ئەو وەبەرهێنانە پلاندانراوەی پێرڵ پێترۆلیۆم کە کۆنسۆرتێۆمێکە (هاوبەشێکە) لەنێوان دانەگاز و کرێسنت پێترۆلیۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بە شێوەیەکی بەرچاو دابینکردنی کارەبای ناوخۆیی زیاد دەکات، پاڵپشتیی هەزاران هەلی کاری نێوخۆیی، دەیان ملیار دۆلار لە قازانجی دارایی و ژینگەیی بۆ هەرێمی کوردستان بەدیدەهێنێت.
بەپێی راپۆرتەکەی PwC بە ناونیشانی "پرۆژەی گازی کوردستان، دوو دەیە لە پێشکەوتن و دەیەیەک لە دەرفەت - راپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکان 2026" بڵاوکراوەتەوە، گرنگترین خاڵەکانی فراوانکردنی پرۆژەکە لەنێوان ساڵانی 2026 – 2035 ئەمانەن:
• دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنان: کۆی گشتیی بەرهەمی گازی سرووشتی لە ماوەی ئەو دەیەیەدا لە 750 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 1,650 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە، ئەمەش هاوتەریب دەبێت لەگەڵ ئامانجێکی درێژخایەنی چاوەڕوانکراوی بەرهەمهێنان، کە بریتییە لە 100,000 بەرمیلی رۆژانەی نەوتی خاو، 47,000 بەرمیلی رۆژانەی کۆندێنسەیت (گازی شل)، و 5,500 تۆن گازی شلی ماڵان LPG لە رۆژێکدا.
• هاوبەشی لە ئابووریی گشتی: بەپێی هەڵسەنگاندنەکە، پێشبینی دەکرێت لە قۆناخی فراوانکردنەکە بڕی 420 ملیار دۆلار بەشداری لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی ئەو دەیەیەدا بکات.
• رەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی پێداویستی لە نێوخۆدا: چالاکییەکانی داهاتووی بونیاتنان و بیناسازی پاڵپشتی لە 53,000 هەلی کاری کاتی دەکەن، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت کارە بەردەوامەکان لە رێگەی دامەزراندنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە پاڵپشتی لە مانەوەی 193,000 هەلی کار بکەن؛ هەروەها، زیاتر 90%ی سەرجەم رۆڵ و پێگەی کارەکان لەلایەن دەستی کاری نێوخۆییەوە پڕدەکرێنەوە، ئەمەش پاڵپشتیکراوە بە 4.1 ملیار دۆلاری ئەمریکی، کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەخرێتە ناو بازاڕی کارەوە، لەپێناو بەهێزکردنی زنجیرەکانی دابینکردنی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا.
• دەستکەوتە دارایی و ژینگەییەکان: پێشبینی دەکرێت گۆڕینی سووتەمەنییە شلە قورسەکان (نەوتی رەش و گازوایل) بە گازی سرووشتیی پاک، بایی 59.9 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە تێچووی سووتەمەنی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە و پاشەکەوتی بکات، رێگری لە دەردانی نزیکەی 128.9 ملیۆن تۆن هاوتای گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن (CO2) لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بکات.
دەستکەوتە دارایی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان لە ماوەی دوو دەیەی رابردوو و دەیەی داهاتوودا:
دەستکەوتە دارایی، کۆمەڵایەتی و ژینگەییە مێژووییەکانی کە لەلایەن پرۆژەکەوە لەنێوان ساڵانی 2008 و 2025 پێشکێش کراون و لەگەڵ ئەم وەبەرهێنانە نوێیەدا تاوەکو 2035 گۆڕانکاریی گەورە لە رووە جیاوازەکانی وەکو: کۆی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، بەشداری لە گەشەی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان GDP و هەلی کار دەهێنێتە ئاراوە، لەم خشتەیەدا ئەوە روونکراوەتەوە:


بەپێی راپۆرتەکە پلانی 10 ساڵی داهاتوو بە شێوازێکی پێکهاتەیی داڕێژراوە بۆ دەستەبەرکردنی بەرهەمهێنانی سامان و سەرمایەگوزاریی هاوتەریب لەگەڵ پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی و ئامانجە ژینگەییەکان:
بەهێزکردنی دەستی کاری ناوخۆیی: پشتبەستن بە مێژوویەکی سەلمێنراوی کارپێکردن تێیدا زیادبوونێکی بەرچاو لە دامەزراندنی ژنان لە پۆستە تەکنیکییەکان و سەرپەرشتیکردنی وێستگەکان بەدیهاتووە، ستراتیجی درێژخایەنی کۆمپانیای پێرڵ هێزی کاری نێوخۆیی دەخاتە بەرنامەی سەرەکی خۆییەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە رێژەی 90٪ـی خۆماڵیکردنی کارمەند لە سەرجەم ئاستەکانی کۆمپانیاکەدا.
جێگرتنەوەی سووتەمەنییە جیاوازەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و کەمکردنەوەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن: لەڕووی مێژووییەوە، گازی ئەم پڕۆژەیە سووتەمەنی بۆ زیاتر لە 80٪ـی کارەبای بەرهەمێنراو لە ناو هەرێمی کوردستاندا دابین کردووە، زیاتر لە 6.4 ملیۆن کەس لێی سوودمەند بوون، هەنگاو نان بەرەو ساڵانی 2026–2035، فراوانکردنی کارەکانی هەڵسەنگاندن لە کێڵگەکانی چەمچەماڵ و کۆرمۆر بە شێوەیەکی سیستماتیکی، پشتبەستنی پیشەسازی نێوخۆیی بە سووتەمەنیی وەکو نەوتی خاو و بەنزین وگاز بنبڕ دەکات، بەمەش ژینگە و تەندروستی هەرێمی کوردستان لە هەمان کاتدا دەپارێزرێت.
بنەمای هاوبەشی ستراتیجی: نزیکەی 20 ساڵ دوای دەستپێکردنی، پرۆژەی گازی کوردستان وەکو دەستکەوتێکی ئەندازیاریی تێپەڕیوە، ئەمڕۆ وەکو نموونەیەکی جیهانیی لە هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت دادەنرێ، دیدگەی ستراتیجی درێژخایەن، وەبەرهێنانی راستەوخۆی دەرەکی بەردەوامە و بە تەرخانکردنی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لە سەرمایەی نوێ، دەیەی داهاتوو پرۆژەکە وەکو لەنگەرێکی سەقامگیریی دارایی، بازاڕی کار، و گواستنەوەی وزەی پاک لە هەرێمی کوردستان و بەدیدینێت.
نزیکەی دوو دەیە و لە ساڵی 2007 گرێبەستی پرۆژەی گازی کوردستان لە نێوان کۆمپانیاکانی دانەگاز و کریسنت پێترۆلیۆم لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، یەکەم بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ساڵی 2008 دەستیپێکرد، تەنیا 15 مانگ دوای دەستپێکردنی بیناسازی، دامەزراوەی بەرهەمهێنانی پێشوەختەی خێرا و تۆڕی بۆرییەکانی کە درێژییەکەی 180 کیلۆمەتر بوو بونیاتنرا و دەستبەجێ دیمەنی وزەی ناوچەکەی گۆڕی و سووتەمەنی پێویستی بۆ وێستگەکانی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دابینکرد.
گەورەترین وەبەرهێنەری کەرتی تایبەتی وزە لە عێراقدا: لە ساڵی 2007ەوە، کۆنسۆرتێۆمی پێرڵ پێترۆلیۆم کە بە هاوبەشی لە لایەن دانە گاز و کریسنت پێترۆلیۆم (هەر لایەنە و رێژەی 35٪ـی بەردەکەوێت) بەڕێوەدەبرێت، لەگەڵ هاوبەشەکانی OMV، MOL، و RWE (هەر یەکێكیان رێژەی 10٪ی بەردەکەوێت)، تێیدا زیاتر لە 3.9 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە ژێرخاندا وەبەرهێنان کراوە. ئەمەش پێرڵ وەکو گەورەترین وەبەرهێنەری کەرتی تایبەت لە کەرتی گازی سروشتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەچەسپێنێت.
دەستکەوتی ئەم دواییەی KM250: ئەم نەخشەرێگە 10 ساڵەیە راستەوخۆ لەسەر بنەمای کارپێکردنی ئەم دواییەی پەرەپێدانی وێستگەی KM250 بە بەهای 1.1 ملیار دۆلار لە تشرینی یەکەمی 2025دا بونیات نراوە، ئەم پرۆژەیە لە لایەن دامەزراوەی دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا (DFC)، ئاسانکارییە بانکییەکانی بنکەکەی لە ئیمارات بە بەهای 350 ملیۆن دۆلار لە بازاڕی گرێبەستە جێگرەوەکانی 'نۆردیک 'لیست کراوە، توانی بە سەرکەوتوویی بەرهەمهێنانی گاز بە رێژەی 50٪ زیادبکات لە 500 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ ئاستی ئێستای کە 750 ملیۆن پێ سێجایە لە رۆژێکدا، ئەمەش بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانی بەهێزتر کرد، و پاڵپشتی لە دەستپێشخەریی 'پرۆژەی رووناکی'ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی جێگیر و سەقامگیرکردنی گواستنەوەی وزە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.


.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)