رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 26-8-2026 لە ناوچەی ماڵازگیردی سەر بە پارێزگای مووشی باکووری کوردستان پێشکێشی کرد، باسی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردی کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێداگریی لە سەرخستنی پرۆسەکە کرد و گوتی، "لەپێناو پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بی تیرۆر، رێگەمان گرتووەتەبەر و بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێینەوە. لەپێناو ئەوەی ناوچەکەمان بکەینە ناوچەی ئاشتی و سەلامەتی، رێگەیەکمان گرتەبەر کە گەڕانەوەی نییە."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "بۆ دەرهێنان و فڕێدانی ئەو خەنجەرانەی لە برایەتیی هەمیشەیی ئێمە دراون، بۆ نموونە خەنجەری تیرۆر، رێگەیەکمان گرتەبەر و ئەستەمە بگەڕێینەوە. با دۆست و دووژمن بزانن و تێبگەن کە لە ناوچەکەماندا مێژوو دەنووسرێتەوە."
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هیچ کەسێک ناتوانێ رێگری لەم پرۆسەیە بکات، "ئەوانەی وایانزانی لە رێگەی تێکدەری و بۆسەوە، تورکیا و گەلی تورک لەم رێگە پیرۆزە دەوەستێنن، تووشی داڕمانی خەونەکانیان بوون. ئێمە لەو رێگەیەی بە دروستی دەزانین، لانادەین و بە هاندانی کەسانێکیش ناڕۆینە رێگەی دیکە. بە پێداگرییەوە لەسەر رێگەکەمان بەردەوام دەبین."
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، ئێستا هەنگاوە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەنرێن، بەتایبەتی کە رۆژی 10-08-2026 پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا و بووە یاسا.
ئێستاش کۆبوونەوەکان بۆ هەنگاوی کردەیی بەردەوامن و بڕیارە چوار لیژنە ئەم ئەرکە راپەڕێنن.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

