رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، تورکیا بەردەوام پشتگیری لە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و دەڵێت: "پێویستە سووریا بە یەکپارچەیی بەرەو ئایندە هەنگاوبنێت."
عومەر چەلیک، یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی ئاکپارتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیامێکی سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە سەختترین قۆناخەکانی جەنگی سووریادا، تێکۆشاوە بۆ پاراستنی سوورییەکان لە "تیرۆر و هێرشە ئیمپریالیستییەکان."
چەلیک تیشکی خستەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و رایگەیاند، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانە، قۆناخێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی یەکپارچەیی ناوخۆیی سووریا تێپەڕێنرا.
هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەربڕی و گوتی: "هەنگاوە گشتگیرەکانی ئیدارەی شەرع، دەبنە هۆی ئەوەی سووریا لە تاریکییەکانی رابردوو رزگاریبێت و بەرەو داهاتوویەکی پتەو هەنگاوبنێت."
گوتەبێژی ئاکپارتی باسی لە ستراتیژیی وڵاتەکەی کرد بۆ ناوچەکە و گوتی: "ئامانجەکانمان بۆ 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' و 'ناوچەیەکی بێ تیرۆر'، نوێنەرایەتیی ئیرادەیەک دەکەن کە پیلانی ئەو لایەنانە پووچەڵدەکاتەوە کە دەیانەوێت جوگرافیای ئێمە پارچەبکەن و تاڵانیبکەن."
چەلیک لە درێژەی پەیامەکەیدا باسی لە کوردی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "ئەم ئیرادەیە ئاماژەیە بۆ داهاتوویەکی گەش بۆ برا کوردەکانمان لە ناوچەکەدا. ئێمە لە چوارچێوەی 'سیاسەتی برایەتی' کە سەرۆککۆمارمان دایڕشتووە، بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی هەر هەنگاوێک کە بۆ سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانیی سووریا و وڵاتانی دراوسێ بنرێت."
رۆژی 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند کە هەسەدەیان هەڵوەشاندووەتەوە و بەتەواوی تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بووە.
ئەم هەنگاوەی هەسەدە لەکاتێکدایە کە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا چووەتە قۆناخێکی یاسایی و پرسی چەکدانان و چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595، "یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، دیاریکراوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
