رووداو دیجیتاڵ لیشتنشتاین رایگەیاند یاساکانی جێنشینی شاهانەی گۆڕیوە، بۆ ئەوەی لەمەودوا رێگە بە ژنانیش بدرێت بچنە سەر تەختی پاشایەتی و ببنە فەرمانڕەوای وڵات. ئەم بڕیارە لە رۆژی نیشتمانیی ئەو وڵاتە بچووکەی نێوەڕاستی ئەورووپا راگەیێندرا، کە ژمارەی دانیشتووانی تەنیا 44 هەزار کەسە. فەرمانڕەوای ئێستای لیشتنشتاین، شازادە هانس ئادەمی دووەمە، کە لە ساڵی 1989ـەوە لەسەر تەختە. گۆڕینی یاساکە کاریگەریی لەسەر میراتگرەکەی ئێستا، کە شازادە ئەلویسە نابێت، چونکە ئەو کوڕە گەورەیە و لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا زۆربەی ئەرکە فەرمییەکانی شاهانەی راپەڕاندووە. خێزانی شاهانەی لیشتنشتاین لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، "سیستمی جێنشینی لە قۆرخکاریی نێرینەوە دەگۆڕدرێت بۆ سیستمی رەها؛ ئەمەش بەو واتایەیە کە لە داهاتوودا یەکەم منداڵ، بەبێ گوێدانە رەگەزەکەی (کوڕ بێت یان کچ)، دەبێتە میراتگری تەخت و دواتر دەبێتە شازادەی لیشتنشتاین." ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی لەسەر هێڵی جێنشینی ئێستا نابێت و تەنیا بەسەر نەوەکانی چوار منداڵەکەی شازادە ئەلویس و سۆفیی هاوژینی جێبەجێ دەکرێت. شازادە ئەلویس لەبارەی بڕیارەکەوە گوتی: "بەو گۆڕانکارییە لە یاساکەدا، دەمانەوێت دڵنیا بین لەوەی کە لیشتنشتاین و خێزانی شاهانە لەلایەن ئەو کەسەوە سەرکردایەتی دەکرێن کە باشترین ئامادەکاریی بۆ ئەم بەرپرسیارێتییە کردووە." لیشتنشتاین وڵاتێکی زۆر بچووکە و لە نێوان سویسرا و نەمسا هەڵکەوتووە. فەرمانڕەواکەی دەسەڵاتی سیاسیی فراوانی هەیە، بە پێچەوانەی زۆربەی پاشا و شازادەکانی دیکەی وڵاتانی ئەورووپا.