رووداو دیجیتاڵ
،پاسێکی گەشتیارانی پۆڵەندی لەسەر رێگەیەکی خێرای هەنگاریا وەرگەڕا و بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا و 47 کەسی دیکەش بریندار بوون. پاسەکە لە سڕبیایەوە بەرەو پۆڵەندا دەچوو.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئاب، بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس و دەستەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان، رووداوەکە کاژێر 1:00ـی بەیانی لەسەر رێگەی خێرای M3 لە نزیک شارۆچکەی مێزۆکێرێستێس لە رۆژهەڵاتی بوداپێست روویداوە. پاسەکە کە 57 سەرنشین و دوو شۆفێری تێدا بووە، لە رێڕەوی خۆی لایداوە و کەوتووەتە نێو دۆڵێکەوە.
وردەکاریی قوربانییەکان و رزگارکردن
لە شوێنی رووداوەکەدا گیانلەدەستدانی 11 کەس راگەیێندرا و کەسێکی دیکەش دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. هەروەها دە کەس بە سەختی بریندار بوون و 37 کەسی دیکەش برینیان سووکە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری ناچار بوون بەشێک لە سەرنشینەکان لە پەنجەرەی پاسەکەوە دەربهێنن، چونکە لە ناوەوە گیریان خواردبوو. دواتر بە دوو کرێنی زەبەلاح پاسەکە لە نێو دۆڵەکە دەرهێندراوە و زانیارییە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەری دەخەن "شۆفێرەکە خەواڵوو بووە" بۆیە دوای رووداوەکە دەستبەسەر کراوە.
کاردانەوەی بەرپرسانی هەنگاریا و پۆڵەندا
پیتەر مەگیار، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و سوپاسی تیمەکانی رزگارکردنی کرد. هاوکات رادۆسلاو سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاند، کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ بەرپرسانی هەنگاریا. دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداش گیانلەدەستدانی 12 هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەو رووداوەدا پشتڕاست کردەوە.
لە ساڵی 2003ـەوە ئەمە بە خراپترین رووداوی هاتووچۆ لە هەنگاریا دادەنرێت، کاتێک لە پێکدادانی شەمەندەفەر و پاسێکی گەشتیارانی ئەڵمانیدا 33 کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە ساڵی 2002ـدا، لە رووداوێکی هاوشێوەدا پاسێکی گەشتیارانی پۆڵەندی وەرگەڕا و 19 کەس گیانیان لەدەستدا. هەنگاریا لە قۆناخێکی نوێی توندکردنەوەی رێکارەکانی سەلامەتیی رێگەوباندایە، چونکە لە وەرزی هاویندا گوشارێکی زۆر لەسەر رێگە خێراکان دروست دەبێت.



