ئەو مانۆڕانە کە بۆ خۆئامادەکردنە دژی هەر هێرشێکی کۆریای باکوور، ترەمپ بە کارێکی "نەگونجاو و دوژمنکارانە"ناویان دەبات.
ئەم بڕیارەی ترەمپ بەر لە دەستپێکردنی مانۆڕە ساڵانەی (قەڵخانی ئازادیی ئولچی) لە کۆریای باشوور دێت و نیشانی دەدات کە چۆن سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە ئاڵنگاری بۆ هاوپەیمانییە سەربازییە مێژووییەکانی دروست بکات، هاوکات وەبیرهێنانەوەیەکیشە بۆ ئەو دانوستاندنانەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور هەیبوون.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، ڕەخنەی تووندی لەم مانۆڕانە گرت و رایگەیاند کە تێچوویان زۆرە و پەیامێکی تەواو نەگونجاو دەدەنە وڵاتێک کە هیچ هەڕەشەیەکی نەبووە.
ترەمپ گوتیشی لەبەرئەوەی کات درەنگ بووە بۆ ئەوەی مانۆڕەکە بەتەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە فەرمانی بە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ کردووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو مانۆڕەکە کەمبکاتەوە.
ئەم مانۆڕە سەربازییە بۆ ماوەی 11 رۆژ بەردەوام دەبێت و بەرنامەیەکی هاوینەی ئاساییە لەنێوان سوپای کۆریای باشوور و ئەمریکادا، بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەرگریکردن لە هەر هێرشێکی کۆریای باکووری خاوەن چەکی ئەتۆمی. مانۆڕەکە لە کاتێکدایە کە کۆریای باکوور و رووسیا زۆر لە یەکدی نزیک بوونەتەوە و پیۆنگیانگ پاڵپشتیی سەربازی داوەتە رووسیا بۆ شەڕی ئۆکراینا، لەوانەش ناردنی سەرباز.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەم بڕیارەی ترەمپ، وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور تەنیا ئەوەی راگەیاند کە مانۆڕەکان دەستیان پێکردووە و "وەک ئەوەی پێشتر راگەیێندراوە و پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچن."
ئەمریکا نزیکەی 28 هەزار و 500 سەربازی لە کۆریای باشوور هەیە بۆ پاراستنی ئەو وڵاتە لە مەترسییەکانی کۆریای باکوور. ئەمەش میراتی شەڕی کۆریایە لە ساڵانی 1950 بۆ 1953 کە بە ئاگربەست کۆتایی هات نەک بە رێککەوتنی ئاشتی.
ترەمپ پێشتریش نیشانیداوە کە گوێ بە تێکدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نادات، وەک چۆن رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ گرتووە لە ئەورووپا، چونکە ئامادە نەبوون پاڵپشتیی جەنگەکەی بکەن دژی ئێران. لە پۆستەکەیدا، ترەمپ بەهەمان شێوە رەخنەی لە کۆریای باشووریش گرت.
بەڵام لیم ئیول-چول، شارەزای کاروباری کۆریای باکوور لە زانکۆی کیونگنام پێیوایە، کۆریای باکوور زۆر گرنگی بەم بڕیارەی ترەمپ نادات.
کۆریای باکوور ئەم مانگە دوو جار مووشەکی تاقیکردەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەم مانۆڕە سەربازییە.
بەهێزبوونی کۆریای باکوور و شەڕی درۆنەکان
شارەزایان دەڵێن، لەوەتەی ساڵی 2019ـەوە کە دانوستاندنەکانی نێوان ترەمپ و کیم جۆنگ ئوون شکستیان هێنا، کۆریای باکوور توانای ئەتۆمی و مووشەکیی خۆی زۆر فراوانتر کردووە. لەلایەکی دیکەشەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا زۆر باش بووە و لە بەرامبەر ناردنی سەرباز و چەک بۆ رووسیا بۆ شەڕی ئۆکراینا، کۆریای باکوور هاوکاریی دارایی، خۆراک، وزە و تەکنەلۆجیای سەربازی لە مۆسکۆ وەرگرتووە. کیێڤ دەڵێت، بڕیارە تاوەکو 50 هەزار سەربازی کۆریای باکوور بچنە رووسیا بۆ شەڕکردن.
لەلایەکی دیکەوە، کۆلۆنێل رایان دۆناڵد، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور رایگەیاند، مانۆڕەکەی ئەمساڵ کە 18 هەزار سەربازی کۆریای باشوور و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی تێیدا بەشدارن، بەتایبەتی گرنگی بە شەڕی درۆن، پەکخستنی سیستمی GPS و رۆڵی هێرشە سایبەرییەکان دەدات؛ ئەمەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو سەربازانەی کۆریای باکوورە کە لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا ئەزموونیان پەیداکردووە.

