پوختەی گرنگترین رووداوەکان
- کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە: رێککەوتنە 60 رۆژییەکەی نێوان واشنتن و تاران بەبێ راگەیاندنی درێژکردنەوە بەسەر دەچێت.
- سەردانی فەرماندەی سێنتکۆم: براد کووپەر سەردانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لینکن و چەندین وڵاتی ناوچەکەی کرد، لەنێویاندا عێراق.
- دیپلۆماسیی نهێنی: جارێد کوشنەر لە میسر بە نهێنی لەگەڵ خەلیل حەییە، سەرکردەی حەماس کۆبووەوە.
- ئاڵۆزی لە لوبنان: ئیسرائیل دوو فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵای کوشت و 11 کەس لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستدا.
- داواکاریی ئێران لە قەتەر: تاران داوای تیمی لێکۆڵینەوە دەکات بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی سێ فڕۆکەوانی دەستبەسەرکراوی لە قەتەر.
- بن گڤیر: وەزیری تووندڕۆی ئیسرائیل داوای کوشتنی رۆژانەی 30 تا 40 کەس لە غەززە دەکات.
لێرەدا تەواوی وردەکاریی گرنگترین رووداوەکانی رۆژی یەکشەممە دەخەینەڕوو:
سەردانی فەرماندەی سێنتکۆم بۆ نێو کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەردانی دەریاڤانانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لینکنـی کرد.
ئەم کەشتییە لە مانگی کانوونی دووەمەوە لە ناوچەکەیە بۆ پاڵپشتیکردنی شەڕی ئەمریکا دژی ئێران و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا و بەبێ وەستان زیاتر لە 240 رۆژ لە دەریادا ماوەتەوە کە ماوەیەکی پێوانەییە.
بەهۆی ئەم مانەوە درێژخایەنەوە کە نزیکەی 5 هەزار سەرباز لەنێو کەشتییەکەدان، راپۆرتەکان باس لە خراپبوونی باری دەروونیی سەربازەکان دەکەن، بۆیە کووپەر لە سەردانەکەیدا ستایشی سەرکردایەتیی کەشتییەکەی کرد بۆ گرنگیدان بە تەندروستیی دەروونیی سەربازان. هەروەها کووپەر سەردانی وڵاتانی عێراق، بەحرەین، ئیسرائیل، ئوردن، سعودیە و ئیماراتیشی کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانەدا کۆببێتەوە.
کۆبوونەوەیەکی دەگمەن: کوشنەر و حەماس
جارێد کوشنەر، زاوا و نێردەی ترەمپ، لە میسر بە نهێنی لەگەڵ خەلیل حەییە، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس کۆبووەوە، وەک هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی دانوستاندنـەکانی ئاگربەستی غەززە، کە وڵاتانی وەک میسر، قەتەر و تورکیاش تێیدا بەشدار بوون.
بڕیاریشە رۆژی دووشەممە کوشنەر لەگەڵ تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و نیکۆلای ملادینۆڤ لە ئیسرائیل لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆببنەوە.
کێشە گەورەکە ئەوەیە کە نەتەنیاهوو داواکارییەکانی ترەمپی بۆ ئاگربەست رەتکردووەتەوە و دەڵێت تاوەکو حەماس بەتەواوی چەک نەکرێت، لەو 60٪ـەی خاکی غەززە کە داگیریان کردووە، ناکشێنەوە.
لە لوبنان دوو فەرماندەی حیزبوڵڵا کوژران
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە رۆژی شەممە دوو فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵایان بە ناوەکانی ئەبو حەسەن عەلا و عەلی سەمیر حاج حەسەن لە باشووری لوبنان کوشتووە. وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش دەڵێت لەو هێرشانەدا لانیکەم 11 کەس کوژراون. ئەمە کوشندەترین هێرشە لەوەتەی ئاگربەستەکەی مانگی حوزەیرانەوە.
ئیسرائیل و لوبنان لەسەر کشانەوەی سوپای ئیسرائیل بەرامبەر بە چەککردنی حیزبوڵڵا رێککەوتوون، بەڵام حیزبوڵڵا خۆی ئەم رێککەوتنە رەتدەکاتەوە و دژیەتيی هەر دانوستاندنـێکی راستەوخۆ دەکات.
ئێران داوای سێ فڕۆکەوانەکەی لە قەتەر دەکات
ئێران دووبارە رایگەیاند کە سێ فڕۆکەوانیان کە لە مانگی ئاداردا فڕۆکەکانیان خرانە خوارەوە لەلایەن قەتەرەوە دەستبەسەرکراون.
ئێران داوای لە قەتەر کردووە رێگە بە تیمەکانی هێزی ئاسمانیی ئێران بدات بچن لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە بکەن. قەتەر ئەم تۆمەتە رەتدەکاتەوە. ئەمە یەکەم جارە ئێران وڵاتێکی ناوچەکە بە بەدیلگرتنی سەربازەکانی تۆمەتبار بکات.
بن گڤیر: "با هەموو شەوێک 30 بۆ 40 کەس لە غەززە بکوژین"
ئیتامار بن گڤیر، وەزیری تووندڕۆی ئیسرائیل، لە پۆدکاستێکدا بە ئاشکرا رەخنەی لە نەتەنیاهوو گرت کە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کەمکردووەتەوە و گوتی: "پێموایە دەبێت ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردن لە غەززە بەردەوام بێت و هەموو شەوێک 30 بۆ 40 کەس بکوژرێن. نەک تەنیا ئەوانەی هەڕەشەن — خەڵکانێک لەوێ هەن کە شایستەی ژیان نین. نابێت بژین. ئەوان تەنانەت مرۆڤیش نین."
لەم جۆرە قسانە پێشتریش لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتییەوە وەک بەڵگەی هەبوونی نیازی جینۆساید دژی ئیسرائیل بەکارهێندراون، هەرچەندە ئیسرائیل ئەوە رەتدەکاتەوە.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە، تەنیا لە دوای ئاگربەستەکەوە لانیکەم هەزار و 262 فەلەستینی کوژراون.

