رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر چەندین گرووپ و رێکخراوی "چەپی تووندڕەودا" سەپاند، واشنتن ئەم گرووپانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە "تووندوتیژیی رێکخراو" ئەنجام دەدەن و هاوکاریی تەکنیکی و دارایی پێشکێشی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکان (ئۆفاک) رایگەیاند، سزاکان سێ قەوارەی سەرەکی و چەندین سەرکردەی باڵایان گرتووەتەوە، کە بریتین لە: رێکخراوی (ئۆتۆستیکی ئینڤێنتاتی) لە ئیتاڵیا، رێکخراوی (کردەی فەلەستین) لە بەریتانیا، و گرووپی نێودەوڵەتیی (مەسار بەدیل).
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەمبارەیەوە هۆشداری دا و گوتی: "پێویستە تووندڕەوە چەپەکان و پاڵپشتیکارەکانیان بزانن کە ئێمە هەموو توانایەکی ئابووریی خۆمان بۆ سزادانیان بەکاردەهێنین. تیرۆری سیاسی هیچ شوێنێکی لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا نییە و بەردەوام دەبین لە بڕینی شاڕێیە داراییەکانی ئەم گرووپانە تاوەکو بە تەواوی لەناودەچن."
هاوکاریی تەکنیکی بۆ پەکەکە
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی گەنجینە، رێکخراوی (ئۆتۆستیکی ئینڤێنتاتی) کە بنکەکەی لە ئیتاڵیایە، خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیی وەک ئیمەیڵی کۆدکراو و تۆڕەکانی چات بۆ گرووپە تووندڕەوەکان دابین دەکات. ئەم رێکخراوە کە خۆی وەک دژە فاشیزم دەناسێنێت، خزمەتگوزارییەکانی پێشکێشی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێک دایە پەکەکە لە ساڵی 2025ـەوە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە.
هێرش بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان
رێکخراوی دووەم کە سزا دراوە، "کردەی فەلەستین" (Palestine Action)ـە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە. ئەم گرووپە لە ساڵی 2025ـدا لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی قەدەخە کرا. ئەمریکا دەڵێت ئەم گرووپە دەستی هەبووە لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی بەریتانیا و زیانی ملیۆنان دۆلاری بە کەرەستە جەنگییەکان گەیاندووە، هەروەها هانی ئەنجامدانی هەمان جۆرە هێرشی لە ناوخۆی ئەمریکا و لەسەر سنوورەکانی مەکسیک داوە.
تۆڕی (مەسار بەدیل) و بەرەی گەلی فەلەستین
گرووپی سێیەم کە سزا دراوە، "مەسار بەدیل"ـە کە وەک بەرگێک بۆ "بەرەی گەلی بۆ رزگاریی فەلەستین" (PFLP) کار دەکات. ئەم گرووپە پەیوەندیی تووندوتۆڵی لەگەڵ تۆڕی (سەمیدوون) هەیە کە پێشتر لەلایەن ئەمریکا و کەنەداوە سزا درابوو. لەم چوارچێوەیەدا، هەریەکە لە زەید عەبدولناسر لە ئەڵمانیا و رەوا ئەلسەغیر لە بەرازیل، کە لە سەرکردە باڵاکانی ئەم گرووپەن، خرانە لیستی سزاکانەوە.
لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە
ستراتیژیی نوێی دژە تیرۆری ئەمریکا بۆ ساڵی 2026، گرووپە تووندڕەوە چەپەکان وەک یەکێک لە سێ مەترسییە گەورە تیرۆریستییەکانی سەر وڵاتەکە دادەنێت. بەپێی بڕیارە نوێیەکە:
هەموو سامان و داراییەکانی ئەم کەس و رێکخراوانە لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن.
هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی یان دارایی لەگەڵیان دا قەدەخەیە.
ئەو بانکە بیانییانەی ئاسانکارییان بۆ بکەن، رووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە.
وەزارەتی گەنجینە جەختی کردەوە کە ئەم سزایانە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تێوەگلاون لە تووندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و ژێرخانەکان، و هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادیی رادەربڕین یان چالاکییە سیاسییە پارێزراوەکانەوە نییە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

