رووداو دیجیتاڵ
لە ململانێی بەردەوامی نێوان کۆمپیوتەری کلاسیکی و کوانتەمیدا بۆ بەدەستهێنانی "باڵادەستیی کوانتەمی" (Quantum Advantage)، توێژەران لە تاقیکردنەوەیەکی نوێدا سەرکەوتنێکی زانستیی بەرچاویان تۆمارکرد کە دەریخست کوانتەم کۆمپیوتەر دەتوانێت لە رووی وردی و خێراییەوە بە مەودایەکی یەکجار زۆر، سووپەر کۆمپیوتەرەکان تێپەڕێنێت.
چی روویداوە؟
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە پێگەی زانستیی arXiv بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن فیزیاناسی تیۆری تیگران سێدڕاکیان لە دامەزراوەی BlueQubit سەرپەرشتی کراوە، پڕۆسێسەری کوانتەمیی Nighthawk r2 سەر بە کۆمپانیای IBM، لە ماوەی تەنیا 19 چرکەدا کارێکی ئاڵۆزی بیرکاری جێبەجێ کرد (دروستکردنی یەک ملیۆن نموونەی ئامار لە دۆخێکی کوانتەمیدا)؛ بەپێی هەژماری زانایان، ئەگەر ئەم کارە بە یەکێک لە بەهێزترین سووپەر کۆمپیوتەرەکانی جیهان وەک کۆمپیوتەری Frontier بکرێت، نزیکەی 110 ساڵی پێدەچێت.
| پڕۆسێسەر | IBM Nighthawk r2 |
| سەرپەرشتیار | تیگران سێدڕاکیان — BlueQubit |
| سەرچاوە | پێگەی زانستیی arXiv |
| ئەرک | 1,000,000 نموونەی ئامار |
| بەراورد لەگەڵ | سووپەر کۆمپیوتەری Frontier |
کۆمپیوتەری ئاسایی چۆن کار دەکات؟ (سوویچی گلۆپەکە)
بۆ ئەوەی لە کوانتەم تێبگەین، سەرەتا پێویستە بزانین مۆبایلەکەی دەستت یان کۆمپیوتەرەکەی ماڵەوەتان چۆن کار دەکات.
تەواوی کۆمپیوتەرەکانی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای "سوویچی گلۆپ" کار دەکەن؛ سوویچەکە یان دەکوژێتەوە (0) یان دادەگیرسێت (1). بەم سفر و یەکانە دەگوترێت "بیت" (Bit). هەر وێنەیەک، دەنگێک، یان یارییەک لە مۆبایلەکەتدا، لە بنەڕەتدا تەنیا ملیۆنان سفر و یەکن کە زۆر بە خێرایی دەکوژێنەوە و دادەگیرسێن.
ئەی کوانتەم کۆمپیوتەر چییە؟ (پارە خولاوەکە)
کوانتەم جیهانی تەنۆلکە زۆر زۆر وردیلەکانە (وەک ئەتۆم). لەو جیهانە وردەدا، یاساکانی فیزیا بە تەواوی شێتانە و جیاوازن.
لە کوانتەم کۆمپیوتەردا لە بری "بیت"، شتێک بەکاردێت پێی دەگوترێت "کیووبیت" (Qubit).
جیاوازییەکەیان زۆر سادەیە؛ دینارێکی کانزایی بهێنە پێش چاوت کە روویەکی وێنەی چیایێکی لەسەرە و رووی دیکەشی لەسەرە نووسراوە (1 دینار):
• لە کۆمپیوتەری ئاساییدا ئەگەر دینارەکە لەسەر مێز دابنێیت، یان ئەو رووە دەبینیت کە وێنەی چیاکەی لەسەرە (1)، یان نووسینەکەی (0). بە هیچ جۆرێک لە یەک کاتدا نابێتە هەردووکیان.
• لە کوانتەم کۆمپیوتەردا ئەگەر دینارەکە لەسەر مێزەکە بیخولێنیتەوە، لە کاتی سووڕانەوەکەدا هەم وێنە و هەم نووسینەکەیشی دەبینی لە یەک کاتدا!
ئەمە واتا چی؟ واتا کوانتەم کۆمپیوتەر دەتوانێت لە یەک چرکەدا، لە یەک کاتدا بیر لە هەموو ئەگەرەکان بکاتەوە نەک یەک لە دوای یەک.
نموونەیەک بۆ ئەوەی تێبگەیت چەندە خێرایە
وا دابنێ کەوتوویتە شوێنێکی پڕ لە کۆڵانی پێچاوپێچ:
• کۆمپیوتەری ئاسایی وەک مرۆڤێک وایە؛ دەچێتە نێو کۆڵانی یەکەم، دەبینێت داخراوە دەگەڕێتەوە، دەچێتە دووەم تا رێگەی دەربازبوون دەدۆزێتەوە. ئەگەر ملیۆنان کۆڵان هەبێت، رەنگە ساڵانێکی زۆری پێبچێت. کاتێک باسی کۆمپیوتەری ئاسایی دەکەین، مەبەستمان دێسکتۆپ، لاپتۆپ، موبایل، تابلێت و تەنانەت سووپەر کۆمپیوتەرەکانیشە.
• کوانتەم کۆمپیوتەر وەک ئەوە وایە لافاوێک ئاو بەسەر هەموو کۆڵانەکاندا بکەیت؛ لە یەک چرکەدا ئاوەکە بە هەموو کۆڵانەکاندا دەڕوات و یەکسەر رێگەی راستەقینەی دەربازبوون پێشاندەدات!
ئەی بۆچی ئەم توێژینەوە نوێیەی IBM ئەوەندە گرنگە؟
ساڵانێکی زۆر خەڵک دەیانگوت ئەم تەکنەلۆجیایە تەنیا خەیاڵی زانستییە و لە رووی کردارەوە جێبەجێ ناکرێت، بەڵام ئەم توێژینەوەیە دوو شتی شۆکهێنەری سەلماند:
زانایان کێشەیەکی زۆر گەورەی بیرکارییان خستە بەردەم کوانتەم کۆمپیوتەرەکەی IBM؛ ئەگەر ئەم کێشەیە بخرایەتە بەردەم بەهێزترین سووپەر کۆمپیوتەری ئەمڕۆی جیهان (کە بە قەبارەی باڵەخانەیەکە و بە ملیۆنان دۆلاری تێچووە)، 110 ساڵ بەردەوام کارکردنی دەویست تاوەکو شیکاری بکات. بەڵام کوانتەم کۆمپیوتەرەکە تەنیا لە 19 چرکەدا شیکاری کرد!
ئەمە لەسەر کۆمپیوتەرێکی تاقیگەیی نهێنی تاقی نەکراوەتەوە، بەڵکو کۆمپانیای IBM ئەم ئامێرەی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە (کلاود) خستووەتە بەردەستی رای گشتی، تاوەکو توێژەران و زانکۆکانی جیهان بتوانن سوودی لێ وەرگرن.
لە داهاتوودا ئەمە چ سوودێکی بۆ مرۆڤ دەبێت؟
ئەم تەکنەلۆجیایە بۆ یاری و فەیسبووک بەکارنایەت، بەڵکو بۆ گۆڕینی ژیانی مرۆڤایەتییە:
دەتوانێت لە چەند رۆژێکدا شیکاری بۆ پێکهاتەی ڤایرۆس و دەرمانەکان دەکات بۆ نەخۆشییە سەختەکانی وەک شێرپەنجە، کە پێشتر دەیان ساڵی دەویست.
دۆزینەوەی کەرەستەی نوێ بۆ دروستکردنی پاتریی ئۆتۆمبێل کە هەزاران کیلۆمەتر بڕوات و لە چەند خولەکێکدا بارگاوی بێتەوە.
بەخشینی هێزێکی ژماردن و بژاردنی داتای هێندە گەورە بە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد کە پێشتر وێنا نەدەکرا.



