رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لە کاتی تێپەڕبوونیدا بە تەنگەی هورمز، هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی گوێزەرەوەی نەوت.
دەستە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا کەشتییەکە بە "تەنێکی نەناسراو" پێکراوە و بەهۆیەوە "ئاگر لەنێو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەکە، سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن، بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکانی سەر کەشتییەکە نەزاندراوە. هاوکات ئاژانسەکە ناسنامە و ئاڵای کەشتییەکە، ئاراستەی گەشتەکەی و جۆری بارەکەی ئاشکرا نەکردووە، کە ئایا نەوتی خاوی هەڵگرتبوو یاخود گازی سروشتیی شلکراوە.
تەنگەی هورمز، کە پێش هێرشەکانی کۆتایی مانگی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێنجیەکی نەوت و گازی جیهان بەنێویدا تێپەڕ دەبوو، تاوەکو ئێستا لە چەقی ململانێ و قەیرانەکاندایە.
تاران رێگری لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەکات و هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییانەی کە وەک خۆی دەڵێت "بەبێ مۆڵەت" دەیانەوێت بە تەنگەکەدا تێپەڕ بن. لە بەرامبەردا، واشنتن گەمارۆی دەریایی پێچەوانەی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران بە مەبەستی رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.
سەرەڕای ئەوەی بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز وەک خۆی بەردەوامە، بەڵام لە رۆژی 1ـی ئەیلوولەوە، ئەمریکا هیچ هێرشێکی نوێی راستەوخۆی بۆ سەر ئامانجەکانی نێو خاکی ئێران ئەنجام نەداوە.



