رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، تایوان یەکەمین کاروانی فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی جۆری (F-16V) لە ئەمریکا وەربگرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تایوان بۆ مۆدێرنکردنی توانستە سەربازییەکانی بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی چین.
ئەم فڕۆکانە بەشێکن لە رێککەوتنێکی 8 ملیار دۆلاری کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا بۆ کڕینی 66 فڕۆکەی جەنگیی لەو جۆرە پەسند کرا و بڕیارە لەمساڵدا رادەست بکرێن.
چین کە تایوان بە بەشێکی جیانەکراوەی خاکی خۆی دەزانێت و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی کردووە بۆ گێڕانەوەی، بە تووندی دژایەتیی هەموو جۆرە مامەڵەیەکی چەکفرۆشتنی ئەمریکا بە تایوان دەکات.
ئەو دوو فڕۆکەیەی F-16V کە لەلایەن کۆمپانیای (لۆکهید مارتن)ـی ئەمریکییەوە دروستکراون، بڕیارە لە بنکەی هێزی ئاسمانیی تایوان لە شاری تایتۆنگ لە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی تایوان بنیشنەوە.
بڕیار بوو ئەم فڕۆکانە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا بگەنە تایوان دوای وەرگرتنی سووتەمەنی لە هاوایی و گوام، بەڵام بەپێی راپۆرتی میدیا ناوخۆییەکان، فڕۆکەکان کەمێک دوای فڕینیان بۆ گوام ناچار بوون بگەڕێنەوە هاوایی بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی بۆ ئەو دواکەوتنە بدرێت.
دەیان هاووڵاتی و ئارەزوومەندی بواری فڕۆکەوانی بە کامێرای پێشکەوتوو و دووربینەوە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کۆبوونەوە تاوەکو ساتی مێژوویی نیشتنەوەی ئەو فڕۆکانە تۆمار بکەن.
کێشەی دواکەوتنی چەک و سیاسەتی ترەمپ
ئەمریکا گەورەترین دابینکەری چەک و پشتیوانی ئەمنیی تایوانە، بەڵام کێشە لۆجستییەکانی بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا بووەتە هۆی خاوبوونەوەی رادەستکردنی چەکە هەستیارەکان.
وێلینگتۆن کو، وەزیری بەرگریی تایوان پێشتر رایگەیاندبوو کە سەرەڕای هەوڵەکانی لۆکهید مارتن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، "زۆر سەختە" هەموو فڕۆکەکانی F-16V لەمساڵدا رادەست بکرێن.
هاوکات، گەیشتنی ئەم فڕۆکانە لە کاتێکدایە کە تایوان هێشتا چاوەڕوانی رەزامەندیی واشنتن دەکات بۆ پاکێجێکی دیکەی چەک بە بەهای 14 ملیار دۆلار. دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئایاردا رەزامەندیی لەسەر ئەو پاکێجە راگرت و بە "کارتێکی دانوستاندنی زۆر باش" لە مامەڵەکردن لەگەڵ چین ناویبرد؛ ئەم هەڵوێستەش نیگەرانییەکی زۆری لای تایوان دروستکردووە کە رەنگە ئاسایشی دوورگەکە بکرێتە قوربانیی رێککەوتنە بازرگانی و سیاسییەکانی نێوان واشنتن و بەیژینگ.



