رووداو دیجیتاڵ
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە جیهاندا مەترسییەکانی پێوەدانی مار زیاد دەکات، چونکە گەرمبوونی کەشوهەوا وا دەکات مارەکان شوێنی ژیانیان بگۆڕن و بەرەو ئەو ناوچانە بڕۆن کە قەرەباڵخن.
ئەم توێژینەوەیە کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) سەرپەرشتیی کردووە، رۆژی پێنجشەممە لە گۆڤارێکی زانستیدا بڵاوکراوەتەوە. راپۆرتەکە دەڵێت، گەرمبوونی کەشوهەوا و فراوانبوونی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و تێکدانی سرووشت، وا دەکات مارە ژەهراوییەکان بچنە نێو ئەو شوێنانەی کە پێشتر ماریان لێ نەبووە. بەمەش بەریەککەوتنی مرۆڤ و مار زیاتر دەبێت و ژمارەی پێوەدان و گیانلەدەستدانیش بەرز دەبێتەوە.
ئامارەکان چی دەڵێن؟
• ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن پێوەدانی مار لە جیهاندا تۆمار دەکرێن، کە زۆربەیان لە ناوچە گەرمەکان و بەتایبەتی لە باشووری ئاسیان.
• زانایان بە پشتبەستن بە داتا و زانیارییەکان، پێشبینی دەکەن تاوەکو ساڵانی 2050 و 2090 نەخشەی بڵاوبوونەوەی مارەکان بەتەواوی بگۆڕێت.
مارەکان بۆ کوێ دەچن؟
لە ساڵانی داهاتوودا چەندین جۆری ماری مەترسیدار ناچار دەبن شوێنی خۆیان بگۆڕن و روو لە ناوچە قەرەباڵخەکان بکەن (وەک باخچەی منداڵان، شوێنی وەرزشکردن، سەرچاوەکانی ئاو و کێڵگە کشتوکاڵییەکان)، بۆ نموونە:
• لە هیندستان: مارە مەترسیدارەکانی وەک کۆبرا لە باشوورەوە بەرەو باکووری وڵاتەکە دەچن کە زۆر قەرەباڵخترە.
• لە چین و میانمار: مارەکان لە دارستانەکانەوە بەرەو شارەکانی نێوەڕاست و باکوور دەچن.
• لە ئەفریقا: ماری (مامبای رەش) کە زۆر کوشندەیە، لە کەناراوەکانی کینیا و ئیسیوپیاوە بەرەو نایجیریا، باشووری ئەفریقا و سۆماڵ دەگوازێتەوە.
کێ زۆرترین زیانی بەردەکەوێت؟
توێژەران هۆشداری دەدەن کە ئەم گۆڕانکارییە زیاتر بۆ خەڵکی هەژار و گوندنشینەکان کوشندە دەبێت، بەتایبەتی ئەو جووتیارانەی کە بەپێخواسی لە کێڵگەکاندا کار دەکەن و نەخۆشخانە و چاودێریی تەندروستیش لێیانەوە دوورە.
مارەکانیش لە مەترسیدان
لە هەمان کاتدا، خودی مارەکانیش سەلامەت نین. گۆڕانی کەشوهەوا و گۆڕینی دارستان و چەمەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوون، رەنگە ببێتە هۆی لەنێوچوون و قڕبوونی چەندین جۆری مار لە دارستانەکانی ئەمازۆن و ئەفریقا.
چۆن خۆمان بپارێزین؟
دەیڤد ویلیامز، یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە، ئامۆژگاریی خەڵک دەکات کە هەمیشە چاوکراوە بن. ئەو دەڵێت بۆ خۆپاراستن لە مار دەبێت پێڵاوی داخراو بپۆشن، ئاگادار بن دەست و قاچیان بۆ کوێ دەبەن، لە شەودا گڵۆپ و رووناکی بەکاربهێنن و ئەگەر ماریشیان بینی بێزاری نەکەن و لێگەڕێن با بڕوات، هەروەها دەبێت بزانن لە کاتی پێوەداندا چی دەکەن و چۆن فریاگوزاریی سەرەتایی بەکاردەهێنن.
.jpg&w=3840&q=75)