رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئیمارات بە شێوەیەکی راستەوخۆ هێرشی سەربازیی کردە سەر ئێران. ئەم هەنگاوە ئیماراتی لە وڵاتێکەوە، کە گەورەترین ئامانجی هێرشەکانی ئێران بوو، گۆڕی بۆ لایەنێکی چالاکی نێو جەنگەکە.
بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ، هێزە ئاسمانییەکانی ئیمارات پاڵاوگەیەکی نەوتییان لە دوورگەی (لاڤان) لە ناوجەرگەی کەنداو پێکاوە. ئەم هێرشە کە لە سەرەتای مانگی نیساندا و هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ترهمپ بۆ راگەیاندنی ئاگربەست روویداوە، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە و پەکخستنی پاڵاوگەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ.
بۆچی ئیمارات بڕیاری هێرشکردنی دا؟
هەرچەندە ئیمارات بە فەرمی دانی بە هێرشەکاندا نەناوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان مافی خۆیانە وەڵامی هەر کارێکی دووژمنکارانە بدەنەوە، تەنانەت بە رێگەی سەربازیش.
بەپێی ئامارەکان، ئێران لە ماوەی ئەم جەنگەدا زیاتر لە 2,800 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیمارات کردووە، ئەوەش زیاترە لەو ژمارەیەی ئاراستەی ئیسرائیلی کردووە. ئەم هێرشانەی ئێران کاریگەریی گەورەیان کردووەتە سەر کەرتی گەشتیاری، فڕۆکەوانی و بازاڕی خانووبەرەی ئیمارات و بوونەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کەس.
بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو دەڵێن، ئێستا ئەبوزەبی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە تاران "ئەکتەرێکی یاخییە" و دەیەوێت مۆدێلە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی ئیمارات تێکبدات، کە لەسەر بنەمای ئاسایش و سەقامگیری و راکێشانی سەرمایەی بیانی بونیاد نراوە.
شارەزایان چ دەڵێن؟
دینا ئیسفەندیاری، شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نووسەری کتێبێک دەربارەی هەڵکشانی هێزی ئیمارات، بایەخی ئەم هێرشەی بۆ روون کردووەتەوە و گوتی، "ئەمە رووداوێکی زۆر گرنگە کە وڵاتێکی عەرەبیی کەنداو وەک لایەنێکی شەڕکەر بە شێوەیەکی راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران." ئیسفەندیاری پێیوایە ئێستا تاران هەوڵ دەدات "درز بخاتە نێوان ئیمارات و ئەو وڵاتە عەرەبییانەی دیکەی کەنداو کە دەیانەوێت نێوەندگیری بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست13/05/2026
لە بۆردوومانێکی نوێی ئیسرائیل دا بۆ سەر لوبنان 8 کەس کوژران
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست11/05/2026
ئیسرائیل: گومەزی ئاسنین 99%ـی مووشەکەکانی حەماس و حیزبوڵڵای تێکشکاندووە
"
لە لایەکی دیکەوە، ئێچ ئەی هێڵیەر، ئەندامی باڵا لە پەیمانگای شاهانەی بەریتانیا (RUSI)، ئاماژەی بە گۆڕانی دیدگای ئیمارات کرد و رایگەیاند: "ئەبوزەبی زۆر بە شەفافی نیشانی داوە کە وێنەی ناوچەکە لە دوای یەکەم هێرشی ئێران بۆ سەریان گۆڕاوە. هەرچەندە ئیمارات بە فەرمی دانی بە هێرشەکاندا نەناوە، بەڵام تەنیا کاتێکی دەویست تاوەکو بەشدارییە سەربازییەکانی وڵاتانی کەنداو لەم جەنگەدا ببینین."
توانای سەربازی و وەڵامدانەوە
ئیمارات خاوەنی یەکێک لە پێشکەوتووترین هێزە ئاسمانییەکانی ناوچەکەیە. ژەنەراڵ دەیڤ دیپتولا، جێگری پێشووی سوپای ئاسمانیی ئەمریکا و پلانداڕێژی هێرشە ئاسمانییەکانی جەنگی کەنداو، ستایشی هێزی ئیماراتی کرد و گوتی، "ئەوان لە هێرشی ورد، بەرگریی ئاسمانی و لۆجیستیکدا زۆر بەهێزن. کە هێزێکی ئاسمانیی وات هەبێت، بۆچی دەبێت دانیشیت و تەنیا سەیری هێرشەکانی ئێران بکەیت بەبێ وەڵامدانەوە؟"
هەروەها کۆلۆنێڵ جۆن ڤێنابل، فەرماندەی پێشووی ئۆپەراسیۆنەکان لە بنکەی (عودەید)ی قەتەر، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای تێکشکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئێستا "باشترین کاتە" بۆ ئەوەی هاوپەیمانەکان بچنە ناو جەنگەکەوە، چونکە مەترسی لەسەر فڕۆکەکان زۆر کەم بووەتەوە.
هەڵوێستی سیاسی و دارایی
ئیمارات تەنیا بە سەربازی وەڵامی تارانی نەداوەتەوە. ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەڤان رایگەیاندووە وڵاتەکەی پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دوو هێندە زیاد دەکات. جگە لەوەش، ئیمارات رێکاری دارایی تووندی دژی ئێران گرتووەتەبەر، لەوانە داخستنی قوتابخانە و یانەکانی سەر بە تاران لە دووبەی و سنووردارکردنی ڤیزا بۆ ئێرانییەکان.
لە واشنتن، پێنتاگۆن و کۆشکی سپی رەتیانکردووەتەوە لێدوان لەسەر بەشداریی ئیمارات بدەن، بەڵام کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە کە "دۆناڵد ترەمپ هەموو بژاردەیەکی لەبەردەستە" و ئەمریکا زۆرترین گوشاری خستووەتە سەر رژێمی ئێران. سەرچاوەیەکیش ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتن "بێدەنگە" و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێشوازی لە هەر وڵاتێکی کەنداو دەکات کە بیەوێت بەشداریی جەنگەکە بکات.
