رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی رووەکێکی کێویی بەناوی "داتۆرا" دەدات و دەڵێ، ئەم رووەکە مەترسییەکی راستەقینەیە بۆسەر ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ، داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی بینینیدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق، رۆژی هەینی، 15ـی ئایاری 2026 بە رووداوی راگەیاند: "رووەکی داتۆرا یەکێکە لە رووەکە کێوییە هەرە مەترسیدارەکان، چونکە رێژەیەکی بەرز لە پێکهاتە کیمیاییە کارتێکەرەکانی تێدایە، لەوانەش سکۆپۆلامین و هیۆسیامین."
بەگوتەی عەقید عەباس بەهادلی، ئەم پێکهاتانە کاریگەرییەکی "زۆر تووندیان" لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە و دەبنەهۆی ژەهراویبوون، وڕێنە و تێکچوونی باری تەندروستی، کە هەندێک جار دەگاتە ئاستی مردن.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، ئەم رووەکە بە لاسکێکی ئەستوور و گەڵای پان و دداندار دەناسرێتەوە، گوڵەکەی شێوەی قووچەکییە، هەروەها بەرهەمەکەی وەک گۆیەکی دڕکاوییە و سەدان تۆوی ژەهراوی تێدایە.
