رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و زنجیرەیەک رێنمایی بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووریی وڵات دەرکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی وەزارەتەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنیان کرا، بە جۆرێک کارنامەی حکومەت لە خزمەت خەڵکدا بێت.
سیاسەتی ئابووری و دۆسیەی نەوت
زەیدی رێنمایی دا بە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی تۆکمە و دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی. جەختی لەوەش کردەوە پێویستە وەزارەتی نەوت تەنیا لە فرۆشتنی نەوتی خاو نەمێنێتەوە، بەڵکو کار بۆ زیادکردنی بەرهەم و پەرەپێدانی کەرتی نەوت بکات.
پەیوەندییەکانی دەرەوە و کارەبا
سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دەرەوەی راسپارد پلانێکی خێرا بۆ چالاککردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ناوچەیی و جیهانی دابنێت. سەبارەت بە کارەباش، فەرمانی دا بە ئامادەکردنی دوو پلان؛ یەکێکیان بۆ چارەسەری خێرای کێشەی کارەبا لەم هاوینەدا و ئەوی دیکەیان بۆ پەرەپێدانی تۆڕی گشتیی کارەبا.
گواستنەوە و تەندروستی
سەرۆکوەزیران رێنمایی دا بە خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و کاراکردنی یاسای دەستەبەری تەندروستی.
.jpg&w=3840&q=75)