رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی موسڵ رایدەگەیێنێت، شارەکە قۆناخی "وێرانکاریی گشتی" تێپەڕاندووە و ئێستا لە قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی پلەبەندی دایە؛ دەشڵێت 95٪ـی فەرمانگە حکومییەکانی شارەکە کارا کراونەتەوە و دەستیان بە خزمەتگوزاری کردووەتەوە.
رۆژی شەممە، 16ـی ئایاری 2026، هیشام هاشمی، قایمقامی موسڵ، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە لە ساڵی 2026ـدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "موسڵ ئەو وێرانکارییە گەورەیەی تێپەڕاند کە لە سەرەتای رزگارکردنیدا هەبوو، ئێستا حکومەتی خۆجێی توانیویەتی زۆربەی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بگەڕێنێتەوە و ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانەکەشی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
قایمقامی موسڵ گوتی، کارکردن لە پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری و نیشتەجێبوون بەردەوامە.، یەکێک لە پڕۆژە هەرە دیارەکان پڕۆژەی "کەناراوی رووبار"ـە. بەگوتەی هیشام هاشمی، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ئاوەدانکردنەوەی 545 خانوو و دروستکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری و کولتوورییە کە سیمایەکی نوێ بە شارەکە دەبەخشێت.
قایمقامی موسڵ باسی لەوە کرد، هێشتا ئاستەنگ ماون و گوتی: "قەبارەی وێرانکارییەکە زۆر گەورەیە و ئەو بودجەیەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە تەرخان دەکرێت، لەچاو پێویستییە راستەقینەکاندا کەمە."
بە گوتەی قایمقامی موسڵ، بە هاوکاریی یونیسکۆ کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی نووری، منارەی حەدبا و کەنیسەکانی تاهیرە و سەعات بەردەوامە.
بەری چەپ و بەری راستی موسڵ؛ جیاوازییەکە چییە؟
هیشام هاشمی روونیکردەوە کە بەری چەپی مووسڵ بەتەواوی گەڕاوەتەوە باری ئاسایی، بەڵام دۆخی بەری راست و گەڕەکی (مووسڵی کۆن) جیاوازە، بەهۆی ئەوەی لە کاتی شەڕدا 80٪ـی ئەو ناوچانە وێران ببوون، هێشتا هەندێک گەڕەک و خانووی رووخاویان تێدا ماوە و پرۆسەی پاککردنەوە و بونیادنانەوەیان کاتی زیاتری دەوێت.
کێ بودجەی ئاوەدانکردنەوە دابین دەکات؟
بەگوتەی قایمقامی مووسڵ، سەرچاوەکانی دارایی بۆ ئەم پڕۆژە مەزنانە لە چەند لایەنێکەوە دابین دەکرێن، لەوانە حکومەتی عێراق لە رێگەی بودجەی فیدراڵی و سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان، رێکخراوەکانی وەک UNDP، یونیسکۆ و بانکی جیهانی.
