رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق رایگەیاند، قۆناخی داهاتووی وڵات دەبێت قۆناخی هاوبەشیی راستەقینە و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بێت. گوتیشی: بەرنامەی حکومەتەکەی ئامانجی بنیاتنانی ئابوورییەکی نیشتمانیی بەهێز، هەمەجۆر و بەردەوامە.
رۆژی شەممە، 16ـی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی لە گوتارێکدا لە کاتی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق رایگەیاند: "نیشتمان ئەمانەتێکی مەزن و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خستە سەر شانم. ئەنجوومەنی نوێنەران لە ساتەوەختێکی هەستیاری مێژووی عێراقدا متمانەی بە حکومەتەکەمان بەخشی، ئەمەش داوای کارکردنی جیدیمان لێدەکات لەپێناو ئێستا و داهاتووی عێراقییەکاندا."
عەلی زەیدی سوپاسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد بۆ ئەو متمانە نیشتمانییەی پێیان بەخشیوە و رایگەیاند، "ئەم متمانەیە پەیمان و پابەندییەکی ئەوانە لەبەردەم خودا، گەل و مێژوودا. هەروەها سوپاسی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە سیاسییەکانی کرد بۆ سەرخستنی رێڕەوی پێکهێنانی حکومەت."
گوتی: "قۆناخی داهاتوو دەبێت قۆناخی هاوبەشیی راستەقینە و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بێت. پەیمان بە عێراقییەکان دەدەین بە کارکردنی دڵسۆزانە و ئیرادەیەکی راستگۆیانە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە."
سەبارەت بە دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری، عەلی فالح زەیدی گوتیشی: "عێراق سەرەڕای هەبوونی سامانی زۆر، ماوەیەکی درێژە دەناڵێنێت بەدەست قەیرانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانەوە. حکومەتەکەمان لە پێشینەی کارەکانیدا بەرنامەیەکی چاکسازیی ئابووری و دارایی گشتگیر رادەگەیێنێت."
عەلی زەیدی راشیگەیاند، بەرنامەکەیان ئامانجی بنیاتنانی ئابوورییەکی نیشتمانیی بەهێز و هەمەجۆرە و دەڵێت: "کار دەکەین بۆ ئابوورییەک کە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوە (نەوت) نەبەستێت، بەڵکو کەرتەکانی دیکە ببوژێنێتەوە. هەروەها بە هەموو شێوەکانییەوە رووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە و سامانی گشتی دەپارێزین؛ چونکە گەندەڵی چیتر تەنیا گرفتێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو بووەتە بەربەست لەبەردەم گەشەپێدان و دواخستنی کاروانی دەوڵەت."
سەرۆکوەزیرانی نوێ باسی لەوەش کرد، رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و کەمکردنەوەی بێکاری لە پێشینەی کارەکانی حکومەت دەبێت، ئەویش لە رێگەی پڕۆژەی بەرهەمهێنان و هاندانی وەبەرهێنان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێکی سەرەکی، دوور لە جیاکاری و واستەکاری.
لە کەرتی پەروەردە و تەندروستیدا، عەلی زەیدی بەڵێنی دا پاڵپشتییەکی ناوازەی کەرتی پەروەردە بکەن لە رێگەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکان و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان. هەروەها ئاماژەی بە پلانێکی کردەیی کرد بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و پەرەپێدانی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمان لە هەموو شار و لادێکاندا.
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان، زەیدی جەختی کردەوە: "دۆسیەی خزمەتگوزاری و ژێرخان وەک بارمتەی بەڵێنی دواخراو نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە مەیدانی کارکردنی راستەقینە لە رێگەی پڕۆژەی ستراتیژییەوە لە هەموو بوارەکاندا."
عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتەکەی، حکومەتی دامەزراوە و یاسا دەبێت و گوێ لە دەنگی هاووڵاتی دەگرێت. گوتیشی: "کار دەکەین بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی عێراق. هەروەها پەیوەندییە عەرەبی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانمان لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش بەهێز دەکەین؛ عێراق شایستەی ئەوەیە هەستێتەوە و رۆڵەکانی بە شکۆوە بژین."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، زەیدی سوپاسی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی کرد بۆ "هەڵوێستە حەکیمەکانی و رۆڵیان لە پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتیدا"، هەروەها رێزی خۆی بۆ هەموو پێکهاتە و دامەزراوە نیشتمانییەکان دەربڕی و گوتی: "رێگەی چاکسازی رەنگە قورس بێت، بەڵام مەحاڵ نییە، ئێمە لەنێوتاندا دەبین و بۆ هەموو ماڵێکی عێراقی و هەر گەنجێک کە بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێت، کار دەکەین."
