رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوانی لە چەندین پارێزگای عێراق دەستپێکرد، کە لە نەینەوا لە باکووری عێراق تاوەکو بەسرە لە باشوور دەگرێتەوە. حەشدی شەعبی دەڵێت، "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە راوەدوونانی پاشماوەکانی داعشە."
ئەمڕۆ شەممە، کاژێر 06:00ی بەیانی، دەستەی حەشدی شەعبی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنەکەی دەستپێکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی عەبدولعەزیز محەممەداوی (ئەبو فەدەک)، سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەچێت. تێیدا 15 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆن و 16 جێگرایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی جیاوازی ناو حەشد بەشدارن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری داڕێژراوە و ئامانج لێی تێکدانی مۆڵگەکانی تیرۆرستان، بڕینی رێگەکانی هاتووچۆیان و وشککردنی سەرچاوەکانی هەڕەشەیە لە پارێزگاکاندا.
