رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی ناو پێناسی گومرگی تەنیا کەلوپەلی جوانکاری دەگرێتەوە و ئامانج لێی رێگریکردنە لە فێڵی باج. دەشڵێت، "بڕیارەکە کاریگەری لەسەر نرخی خۆراک و دەرمان نابێت."
سامر قاسم داوود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق، رۆژی شەممە 16ی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند، بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025 کە لە مانگی تشرینی ساڵی رابردوو دەرچووە، پێش دوو مانگ لە جێبەجێکردنی گشتێندراوە بۆ هەموو دامودەزگاکان، بۆیە بڕیارەکە "کتوپڕ نەبووە" و بازرگانان پێشوەختە لێی ئاگادار کراونەتەوە.
کام کەلوپەلانە گران دەبن؟
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، زۆربەی ئەو دراوە قورسەی بۆ هاوردەکردن دەچێتە دەرەوەی وڵات، بۆ کەلوپەلی لاوەکی و جوانکارییە، سامر قاسم دەڵێت، "زیادبوونەکە تەنیا بۆ کەلوپەلە لاوەکییەکانی وەک ئامێری کارەبایی، زێڕ و ئۆتۆمبێل بووە."
رێژەی پێناسی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی زێڕ لە 5%ـی نرخەکەی و بۆ ئۆتۆمبێل لەنێوان 15% و بەرەو سەرەوە دەگۆڕێت؛ ئەمەش بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکە، کارایی ژینگەیی (بە ئۆتۆمبێلە هایبریدەکانیشەوە.)
لە بەرامبەردا سامر قاسم داود دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان، کە مادە خۆراکییەکان، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان کاریگەرییان لەسەر نەبووە، یان ئەگەر گۆڕانکارییەکیش هەبێت، زۆر کەم و گونجاو دەبێت.
