رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئێران لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، کەمپی مەشقی بەر لە مۆندیالی لە ئەمریکاوە گواستووەتەوە مەکسیک، پاشئەوە رەزامەندیی فیفای بۆ ئەو گواستنەوەیە وەرگرتووە.
وێڕای بڵاوکراوەکەی هەڵبژاردەی ئێران، هێشتا فیفا بەفەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە.
بڕیاربوو هەڵبژاردەی ئێران لە شاری توسانی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا کەمپی مەشقەکەی دەستپێبکات، بەڵام هەرزوو، بەهۆی بارودۆخی شەڕی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و مەترسیی ئاسایش، کردنەوەی کەمپەکە لەو شوێنەی بڕیاربوو، کەوتە ژێر پرسیارەوە.
هەڵبژاردەی ئێران، ئاشکرایکردووە بارەگای مەشقەکانی لە شاری تیخوانای مەکسیک دەبێت کە شارێکە راستەوخۆ لەسەر سنووری نێوان مەکسیک و ئەمریکایە.
لەو بڵاوکراوەیەی میدیاکان دەڵێن، هەڵبژاردەی ئێران بڵاویکردووەتەوە هاتووە، مەهدی تاجی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران دەڵێ، "دەبێ شوێنی هەموو کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکان بۆ مۆندیال، رەزامەندیی فیفا بەدەست بهێنێت".
تاج هەروەها دەڵێ، "خۆخشبەختانە، دوای پێشکێشکردنی داواکاریی و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی فیفا و لیژنەی رێکخەری مۆندیال لە ئیستەنبووڵ، ئەمە جیا لە کۆبوونەوەی ئۆنلاین لە تارانەوە لەگەڵ ئەمینداری گشتیی فیفا، رەزامەندی لەسەر داواکارییەکەمان درا، بەگواستنەوەی شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەکە لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک".
پێشتر هەڵبژاردەی ئێران داوایکردبوو سەرجەم یارییەکانی لە مۆندیالی 2026 کە هەریەکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن، لە ئەمریکاوە بگوازرێتەوە مەکسیک، بەڵام فیفا رێگەی بەو گواستنەوەیە نەدا.
