رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی بەرزە پردی شەقامە 40 مەتریی کردەوە و رایگەیاند، بارودۆخە نالەبارەکان نەیانتوانیوە رێگری لە کاروانە ئاوەدانییەکانی حکومەت بگرن؛ هاوکات پەیامێکی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی لایەنەکان کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، لە میانی گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ بە فەرمی پڕۆژەیەک دەخەینە خزمەت هاووڵاتییان، بە تایبەتی سنووری سۆران و دەوروبەری، کە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق. لە ماوەی رابردوودا بارودۆخی نالەبار لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ئەمانە نەیانهێشت ئێمە لە پڕۆژەکانمان بوەستین و لە خۆشی و ناخۆشیدا لە خزمەتکردن بەردەوام دەبین."
سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە (کاڤین گرووپ) کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە رێکوپێکی و گوتی: "ئەوەی زیاتر دڵخۆشی کردم، ئەوەیە کە توانای ناوخۆیی وایکردووە بتوانین پڕۆژەی وا گەورە و جوان لەسەر ئاستی کوردستان جێبەجێ بکەین."
مەسرور بارزانی گوتی: "لە ماوەی رابردوودا رووداوێکی ناخۆش روویدا کە ئۆتۆمبێلێک بە سێ سەرنشینەوە کەوتە ناو ئاو و خنکان، ئەمە جێگەی نیگەرانییە. لێرەوە دەستخۆشی لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکەم کە زۆر خۆیان ماندوو کرد بۆ گەڕان بەدوای تەرمەکاندا؛ داواش لە هاووڵاتییان دەکەم رێنماییەکانی هاتووچۆ جێبەجێ بکەن، لەو شوێنانەی مەترسیدارن دووربکەونەوە و پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن.
