رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی 2% دابەزی و درێژەی بەو دابەزینە دا کە لە دوێنێوە دەستی پێکردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت هیواکان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز زیاد بوون، کاتێک ئێران رایگەیاند کە گفتوگۆکانی لەگەڵ عومانی هاوسێی دەستپێکردووەتەوە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئەو رێڕۆ ستراتیژییە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1.78 دۆلار یان 2.0% دابەزی و گەیشتە 86.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە بڕی 1.49 دۆلار یان 1.8% دابەزی و بە 80.87 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە هەردوو جۆرەکەی نەوت زیاتر لە 3%ی نرخەکەیان لەدەستدابوو.
میتسورو مورایشی، شرۆڤەکاری دامەزراوەی (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕەکان کاردانەوەیان بەرامبەر بە پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز، پێشانداوە".
مورایشی دەڵێت، " گەشبینییەکان بە پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عومان بووەتە هۆی زیادبوونی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و دابەزینی نرخەکەی."
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش کرد، "ناڕوونی لە دۆخی داهاتووی تەنگەکە وایکردووە هەندێک لە بازرگانان بە نرخە نزمەکان دەست بە کڕین بکەنەوە، ئەمەش رێگری لە دابەزینی زیاتر کردووە. پێدەچێت لەم کاتەدا نرخەکان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا جێگیر بن."
ئێران دەڵێت لەگەڵ عومان دەستی بە گفتوگۆ کردووەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە تاران بەهۆی گوشارە ئابوورییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەژێر گوشارێکی زۆردایە.
ئێران و عومان چەند هەفتەیەکە لە گفتوگۆدان بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوقچۆ لەو رێڕۆ ئاوییەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگ لە مانگی شوباتدا، یەک لەسەر پێنجی باری نەوت و گازی سروشتیی شلکراوەی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
رۆژی سێشەممە، هەردوو وڵات رایانگەیاند کە باسیان لە دروستکردنی رێڕەوێکی دەریایی کاتیی هاوبەش لەناو تەنگەکەدا کردووە و رێککەوتوون لە مین پاکی بکەنەوە.
سەرەڕای بەردەوامیی گرژییەکان، دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە ئەمریکا دەستی کردووە بە ناردنەوەی کارمەندانی بۆ هەندێک لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پێشتر بەهۆی گرژییەکان لەگەڵ ئێران چۆڵکرابوون یان کەمکرابوونەوە.
ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک ئاماژەیەک دەبینرێت بۆ کەمبوونەوەی مەترسیی هەڵکشانی جەنگ لەگەڵ ئێران لە ئاییندەیەکی نزیکدا، هەرچەندە هەندێک لە باڵیۆزخانەکان لە سەرەتادا بە تەواوی توانای خۆیانەوە کار ناکەن.
رۆژی دووشەممە، واشنتن سزاکانی سەر ئێرانی فراوانتر کرد بە ئامانجی بڕینی سەرچاوە ئابوورییەکانی تاران و هەڕەشەی سزادانی ئەو وڵاتانەی کرد کە بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران، هەرچەندە رایگەیاند کە سزاکان دەستبەجێ جێبەجێ ناکات.
لە لایەکی دیکەوە، (سەنتەری ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا) رایگەیاند کە رۆژی سێشەممە، کەشتییەکی نەوتی بە مووشەکێکی نەناسراو پێکراوە و لە کارکەوتووە. رووداوەکە لە دووری 9 مایلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی (شیشە)ی عومان روویداوە کە دەکەوێتە دەروازەی تەنگەی هورمز.
سەبارەت بە ئامارەکانی ئەمریکاش، سەرچاوەکانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا API ئاشکرای کردووە کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا، بە بڕی 4.2 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شرۆڤەکاران پێشبینییان کردبوو کۆگاکانی نەوت بە تێکڕا تەنیا 600 هەزار بەرمیل زیاد بکەن. بڕیارە ئامارە فەرمییەکانی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) کاژێر 5:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر بڵاوبکرێنەوە.


