رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق ئەو هەواڵانەی باس لە چاپکردنی جۆرە پارەیەکی نوێ و سڕینەوەی سفرەکان دەکەن رەتکردەوە و رایگەیاند، هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە، پێویستی بە رێکاری یاسایی و کاتێکی زۆر هەیە.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە، کە لە بارەی چاپکردنی دراوێکی نوێ و لابردنی سفری سەر دینار، بڵاوکراونەتەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "ئەم هەواڵانە پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نابەستن و بانکەکەمان هیچ دراوێکی نوێی بە سڕینەوەی سفرەکان چاپ نەکردووە."
بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، هەر پڕۆژەیەکی داهاتوو بۆ رێکخستنەوەی جۆرەکانی دراو یان سڕینەوەی سفرەکان -ئەگەر بڕیاری لەسەر بدرێت- پێویستی بە چەندین قۆناخی یاسایی، رێکخستن و تەکنیکی هەیە. هەروەها دەڵێت، ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە بدرێت، ماوەیەکی گونجاو دیاری دەکرێت تاوەکو هاووڵاتییان و بانکەکان بتوانن بە شێوەیەکی رێک و پێک و ئارام پارە کۆنەکان بگۆڕنەوە، بۆ ئەوەی مافی دارایی کەس نەفەوتێت.
بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان و میدیاکان کرد، تەنیا پشت بە زانیارییە فەرمییەکانی ئەوان ببەستن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەکراوە، چونکە ئەم جۆرە دەنگۆیانە دەبنە هۆی شڵەژانی بازاڕ و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە داراییەکانی خەڵک.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
