رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق داوا لە خوێندکارە نوێیەکانی دەکات پشکنینی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بکەن، وەکو مەرجێک بۆ وەرگرتنیان لە خوێندنی باڵا بۆ ساڵی 2024 – 2025.
حەیدەر عەبد، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی عێراق، لە نووسراوێکدا داوا لە خوێندکارە نوێیەکان دەکات لەکاتی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ زانکۆکان بۆ ساڵی 2024 - 2025، راپۆرتێکی پزیشکی پێشکێش بکەن کە بیسەلمێنێت دوورن لە بەکارهێنانی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکان.
لە نوسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقدا کە بۆ هەموو زانکۆکان گشتێندراوە، ئاماژە بەوە کراوە ئەم پشکنینە پزیشکییە لەسەر بنەمای رێنمایی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەر بە ئەنجوومەنی هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق چەسپێندراوە.
بەپێی نووسراوەکە، دەبێت راپۆرتە پزیشکییەکە لەلایەن تاقیگەیەکی حکومیی متمانەپێکراوەوە بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خوێندکارەکە مادە هۆشبەرەکان بەکارناهێنێت.

