رووداو دیجیتاڵ
پێوەری ئاستی بەرهەمهێنانی زەوی و گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی، دوو لەو کێشانەن رووبەڕووی جووتیارانی کورد لە کەرکووک دەبنەوە، کاتێک لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەست بە رادەستکردنی گەنمەکەیان دەکەن.
حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بڕیاری داوە لە یەکی حوزەیرانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنم بکرێ و نۆرەى وەرگرتنەکە بۆ رادەستکردن بە ئەلیکترۆنی دەبێت."
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، نزیکەی 410 هەزار دۆنم گەنمی کەرکووک لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە کە هەر تۆنێکی گەنمەکەی بە 750 هەزار دینار وەردەگیرێ.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ چەند کێشەیەک رووبەڕووی جووتیاران دەبێتەوە. یەکێکیان ئەوەیە تۆنێک گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ کە کەمترە لە گەنمی نێو پلانی کشتوکاڵی. هەروەها پێوانەی ئاستی بەرهەمهێنانی دۆنمێکى زەوییەکانیش کەم کراوەتەوە لە 950 کیلۆگرامە بۆ 700 کیلۆگرام و کەمتر.
