رووداو دیجیتاڵ
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیی دامەزراوەیی بووەتە چوارچێوەی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی کارنامەی حکومەت و دەشڵێت، "لیژنە پەیوەندیدارەکان راسپاردەیان داوە بۆ پێکهێنانەوەی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی."
عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پرسی دژایەتیکردنی گەندەڵی و حوکمڕانیی سەرکەوتوو، لەلایەن لیژنەی پەرلەمانیی تایبەتمەندەوە خراوەتە ناو بەرنامەی کار و پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، وەک راسپاردەیەکی "پابەندکەر" بۆ حکومەت.
عەدنان فەیحان ئاماژەی بەوە کردووە، لیژنە پەرلەمانییەکان "بایەخێکی تایبەت"ـیان بە دۆسیەی گەندەڵی داوە، چونکە "بە بنەمای راستەقینەی هەر چاکسازییەکی حکومی" دەبینن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دیارترین ئەو خاڵانەی لە راسپاردە نوێیەکاندا هاتوون بریتین لە:
-دووبارە پێکهێنانەوەی ئەنجوومەنی باڵای دژە گەندەڵی.
-پەسندکردنی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ دەستپاکی و شەفافیەت.
-پێداچوونەوە بەو گرێبەست و یاسایانەی گومانی بەهەدەردانی سامانی گشتییان لێدەکرێت.
-کاراکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان بۆ کەمکردنەوەی رۆتین.
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، پەرلەمان لەڕێگەی لیژنەکانەوە چاودێری وردی جێبەجێکردنی ئەو راسپاردانە دەکات، "بە ئامانجی پاراستنی سامانی گشتی و گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان."
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاڵنگاریی گەورە لە بەردەم عەلی زەیدییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پرسێکی کەڵەکەب ووە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "پرسەکە هەستیارە و زۆر کەسی تێوەگلاوە، بۆیە بەئاسانی رێگە نادرێت زەیدی دەست بۆ ئەو دۆسیەیە ببات."
یەکێک لە تەوەرەکانی کارنامەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تایبەتە بە، "حکومڕانی، چاکسازیی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی."
بەگوێرەی کارنامەکە، حکومەتەکەی زەیدی کار دەکات بۆ، "بونیاتنانی پڕۆگرامێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، لەسەر بنەمای میکانیزمی یاسایی و چاودێریی تووند و روون، کە لێپرسینەوە لە هەموو تێوەگلاوان و گەڕاندنەوەی مافە گشتییەکان بە پشتبەستن بە پرەنسیپی لێکۆڵینەوە داراییە هاوتەریبەکان مسۆگەر بکات."
