رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دوای پشووەکانی جەژن شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی تاران دەکات بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان؛ ئاشکراشی دەکات کە بەپێی هەمواری نوێی یاسای خانەنشینی، کەمترین مووچەی خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ دەبێتە 800 هەزار دینار.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی رووداو، چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکە و بژێوی هێزە ئەمنییەکانی خستەڕوو.
مازن غەریب رایگەیاند، بڕیارە دوای پشووەکانی جەژن شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدا دەبێت، سەردانی تاران بکات. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە بریتییە لە:
- تاوتوێکردنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر سوورداش، کۆیە و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
- چاوخشاندنەوە بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران (واژۆکراوی ئاداری 2023) بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
- داواکردن لە تاران بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراقن تاوەکو نەبنە سەرچاوەی کێشە.
سەبارەت بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان، مازن غەریب ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بوونی ئەو هێزانە لە خاکی عێراقدا قبووڵ ناکات، بەڵام گوتیشی: "لە ململانێی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەو هێزانە رەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستانیان کردووە و خاکی هەرێم دژی ئێران بەکارنەهێنراوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مازن غەریب وردەکاریی هەمواری یاسای خانەنشینی هێزە ئەمنییەکانی خستەڕوو کە ئێستا لە پەرلەمانە و بڕیارە بەم شێوەیە بێت:
1. مووچە: کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ هێزەکانی ناوخۆ بەرز دەکرێتەوە بۆ 800 هەزار دینار.
2. تەمەن و خزمەت: مەرجی خانەنشینبوون دەبێتە تەمەنی 40 ساڵی بە مەرجێک 15 ساڵ خزمەتی هەبێت.
3. دەرماڵەکان: بەشێک لە دەرماڵەکان دەخرێنە سەر مووچەی بنەڕەتی بۆ ئەوەی لە کاتی خانەنشینیدا مووچەکەیان زۆر دانەبەزێت.
مازن غەریب جەختی کردەوە کە ئەم هەموارە لە قۆناخی یەکەمدا وەزارەتی ناوخۆ دەگرێتەوە و دواتر وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگەش دەگرێتەوە، گوتیشی: "مووچەی خانەنشینی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق دەکرێت."