رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق رایگەیاند، بەرنامەی هاتووچۆی زیرەک بۆ سەرجەم شۆفێران و ئەوانەی داوای مۆڵەتی شۆفێری دەکەن جێبەجێ دەکەن و میکانیزمەکانی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، عەقید حەیدەر شاکر، بەرپرسی هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەم نزیکانە سیستمی هاتووچۆی زیرەک بۆ هەموو شۆفێران و ئەوانەی داوای مۆڵەتی شۆفێری دەکەن کارا دەبێت و ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکات بۆ راییکردنی کاروبارەکانیان."
بەرپرسی هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق گوتی، سیستمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری دەگۆڕێت و دەکرێتە ئەلیکترۆنی. گوتیشی، سیستمە نوێیەکە چەند قۆناخێک لەخۆدەگرێت؛ سەرەتا بە تاقیکردنەوەی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات و دواتر تاقیکردنەوەی مەیدانی (پراکتیکی) دەکرێ، کە بەپێی پێوەرە جیهانییەکان دەبن و لە چەندین وڵاتی جیهان پێشتر پەیڕەو کراون.
عەقید حەیدەر شاکر، روونیکردەوە، لە مەیدانەکانی تاقیکردنەوەدا ئاماژەی ئەلیکترۆنی، هەستەوەر و سیستمی پێشکەوتوو بەکاردەهێندرێن، ئەمەش وادەکات هەڵسەنگاندنەکان وردتر بن و شەفافییەت لە پێدانی مۆڵەتەکەدا هەبێت، چونکە ئاستی شۆفێرەکە بەبێ دەستێوەردانی مرۆیی دیاری دەکرێت.
