رووداو دیجیتاڵ
مێرمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ بەناوی فرات سێزان، کە دانیشتووی شارۆچکەی بێگریی سەر بە پارێزگای وانە لە باکووری کوردستان، چوار رۆژە بێسەروشوێنە. خێزانەکەی دەڵێن "مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە" و جەندەرمەشیان لە رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە.
دەنیز سێزان، برای فرات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فرات بۆ سەردانی پوورەکەی چووەتە گەڕەکی "حاجی بەکر" لە ناوەندی شاری وان. بەیانیی رۆژی شەممە، 22ـی ئاب، کاتێک پوورەکەی لە خەو هەستاوە، بینیویەتی فرات لە ماڵ نییە.
برای ئەو مێرمنداڵە بێسەروشوێنە دەڵێت: "کاتێک پوورم پەیوەندیی پێوەکرد، فرات گوتی: 'لە تێرمیناڵم و دەگەڕێمەوە بۆ بێگری'، بەڵام تاوەکو نیوەشەو نەگەڕایەوە و دواتریش مۆبایلەکەی کوژایەوە."
خێزانەکەی فرات لەرێگەی گەڕانەکانیانەوە گرتەیەکی کامێرای چاودێرییان دەستکەوتووە، کە تێیدا دەردەکەوێت فرات بەشێوەیەکی ئاسایی بە پیادە بەرەو "سەنتەری کولتوور و هونەر" دەڕوات، بەڵام دوای ئەوە لەبەرچاوی کامێراکان وندەبێت و هیچ سەرەداوێکی دیکەیان دەستنەکەوتووە.
دەنیز سێزان ئاماژەی بەوەکرد، براکەی مێرمنداڵێکی "بێکێشە" بووە و هیچ گرفتێکی خێزانییان نەبووە، هەروەها گومانیان لە کەس نییە، چونکە براکەی کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە.
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، خێزانەکە رۆژی 23ـی ئاب جەندەرمەیان لە بێسەروشوێنبوونی کوڕەکەیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام دەڵێن تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان پێنەگەیشتووە. خێزانی فرات داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان و هاونیشتمانییان دەکەن، هەر کەسێک زانیارییەکی لەبارەی فراتەوە هەیە، هاوکارییان بکات بۆ دۆزینەوەی.



