رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەنگ و وەستانی خوێندنەوە لە زانکۆکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک خوێندکاری پزیشکی داوادەکەن بگوازرێنەوە بۆ زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "گواستنەوەیان نایاساییە."
رێکان محەممەد، خوێندکاری قۆناخی سێیەمی پزیشکی ددانە لە زانکۆی کوردستان لە سنە، باس لە دۆخی خراپی خۆیان دەکات و دەڵێت: "زیاتر لە دوو مانگە لە ماڵەوەین. خوێندنی ئێمە پراکتیکییە و بە ئۆنلاین ناکرێ. بەهۆی ئەم دۆخە و دوودڵی لە داهاتوومان، زۆربەمان تووشی دۆخێکی ناخۆشی دەروونی بووین."
ئەو خوێندکارە ئاماژە بەوە دەکات 18 خوێندکاری دیکەی خەڵکی باشووری کوردستان لەگەڵیدان لە بەشی ددان هەمان کێشەیان هەیە و دەڵێت: "تاوەکو ئێستا زانکۆکان نەکراونەتەوە، چارەنووسی ئێمەش روون نییە کە ئایا کەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە."
وەزارەتی خوێندنی باڵا: گواستنەوەیان نایاساییە
لە بەرامبەردا عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند کە گواستنەوەی ئەم خوێندکارانە بۆ زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان رێگەی پێنەدراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا روونی کردەوە: "دۆسیەی ئەم خوێندکارانە جیاوازە. ئەوان دەیانەوێ لەم دۆخەدا گواستنەوەیان بۆ بکرێ، بەڵام ئەمە نایاساییە. مەرجی وەرگرتن لە کۆلێژە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان نمرەی 85ـە، لە کاتێکدا نمرەی ئەم خوێندکارانە لە خوار 85ـەوەیە، بۆیە بەپێی رێنماییەکان ناکرێ وەربگیرێن."
