رووداو دیجیتاڵ
لە جیهانێکی پڕ لە دەنگدا، هەندێک دەنگ هەن کە تەنیا دایکێک دەیانبیستێت؛ دەنگی تیژ و ترسناکی شکانی ئێسکەکانی جگەرگۆشەکەی. ئەمە چیرۆکی بارینە، کچێکی تەمەن 9 ساڵان کە لە جەستەیەکی شووشەییدا زیندانی کراوە و بە هەڵگرتنی پەرداخێک ئاو، ئێسکەکانی وردوخاش دەبن.
بارین سەڵاح، تووشبووی نەخۆشییەکی دەگمەنە بە ناوی "Osteogenesis Imperfecta" یان "ئێسکی شووشەیی". ئەم نەخۆشییە وایکردووە ئێسکەکانی هێندە ناسک بن کە بە بچووکترین جووڵە بشکێن. دوای زیاتر لە 10 نەشتەرگەری لە کوردستان، هێشتا ژیانی لە مەترسیدایە و چارەسەری کۆتایی بۆ نەکراوە.
باوکی، کە فەرمانبەرە و پاشنیوەڕوانیش کاری تاکسی دەکات، لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی لە قورسیی دۆخەکە کرد و گوتی: "تەندروستیی کچەکەم خراپە، مامۆستاکەی ئەم ساڵ پێیگوتم؛ ئەم دوو ساڵە هاوکاریم کردووە، بەڵام ئیدی ناتوانم بەرپرسیارێتیی هەڵبگرم، چونکە قوتابخانەکە دوو نهۆمە و مەترسیی کەوتنی هەیە. منیش توانای چارەسەرکردنیم نییە."
دایکی بە دەروونێکی پڕ لە زامەوە دەڵێت، "رۆژانە ئازاری کچەکەم دەبینم، گوێم لە شکانی ئێسکەکانیەتی، هەستدەکەم منیش لەگەڵیدا دەکوڵێم و ئاگرم تێبەردەبێت."
تراژیدیای ئەم خێزانە تەنیا بە ئازارەکانی بارینەوە سنووردار نییە. ساڵانێک لەمەوبەر، ئەوان کچێکی دیکەیان بە هەمان نەخۆشییەوە لەدەستداوە. سەڵاح حەمید، باوکی بارین، بە یادەوەرییەکی تاڵەوە باس لەو رۆژە دەکات و دەڵێت، "کاتێک نگینی کچە گەورەم لەنێو دەستماندا کۆچی دواییکرد و هەڵمگرت، سوێند دەخۆم بە مردووییش گوێم لە دەنگی شکانی ئێسکەکانی بوو." ئەم یادەوەرییە ترسناکە وایکردووە ئێستا ترسی دووبارەبوونەوەی هەمان چارەنووس بۆ بارین، سات بە سات ژیانیان داگیر بکات.
ئێستا، نەخۆشخانەی "سانت خوان دێ دێو" لە بارسیلۆنای ئیسپانیا، کە سەنتەرێکی پێشکەوتووی نێودەوڵەتییە بۆ نەخۆشییەکانی منداڵان، هیوای ژیانێکی نوێی بە بارین بەخشیوە.
