رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی متمانە وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ئامادەی کارکردنی هاوبەشە لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.
رۆژی هەینی، 15-05-2026، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا رایگەیاند: "بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستبەکاربوونی کابینەکەیانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی برای ئازیزم بەڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکەم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست دەستبەکاربوونی ئەم کابینە نوێیە، ببێتە "سەرەتای قۆناخێکی نوێی سەقامگیری و گەشەپێدان بۆ هەموو عێراق."
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و گوتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیی تەواوی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگی."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانج لەم هاوکارییە چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن توانایە، "عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییانەوە، شایانی ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزاریی باشتر و ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوامن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی متمانەی خۆی نیشاندا کە بە هەوڵی هەموو لایەک و بە "گیانی بەرپرسیارانەی تەبایی و هاریکاریی نیشتمانی،" دەتوانرێت بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنرێت و پێکەوە رووبەڕووی هەموو کێشە و ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
.jpg&w=3840&q=75)