رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکی لە سیستمی زیرەکیی بەنزینخانەکان و بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی جەنجاڵی، بڕیاردرا لە پارێزگای کەرکووک بەبێ کۆبۆن بەنزین بەسەر شۆفێراندا دابەش بکرێت.
هەڵۆ قادر جەباری، نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەهۆی نوێکردنەوەی بارکۆدەکەوە، سیستمی دابەشکردنی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکانی کەرکووک لە کارکەوت، ئەوەش قارەباڵخییەکی زۆری لە بەردەم بەنزینخانەکان دروست کردبوو.
هەڵۆ جەباری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای پەیوەندی بە بەرپرسانی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەغدا و هاوئاهەنگیی لەگەڵ لقی کەرکووکی کۆمپانیاکە، بڕیاری ئاسانکاری درا. بەگوێرەی بڕیارەکە، لە رۆژانی جەژنی قورباندا، هەر ئۆتۆمبێلێک دەتوانێت بڕی 40 لیتر بەنزین بەبێ کۆبۆن بە نرخی فەرمی وەربگرێت.
بە گوتەی نوێنەرەکەی کەرکووک، بڕیارەکە تاوەکو ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە کێشەکە چارەسەر دەکرێت و دەکەوێتەوە کار.
عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بەیانییەوە سیستمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنەکە کێشەیەکی تەکنیکی بۆ دروستبووە، بۆیە رەزامەندی بەغدایان وەرگرتووە بڕی 40 لیتر بەنزین بەبێ کۆبۆن بەسەر شوفێران دابەش بکرێ، تاوەکو سیستمەکە چارەسەر دەکرێ.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا پرۆسەی دابەشکردنی بڕی 40 لیتر بەنزین بەسەر شوفێران بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت، پشت بەخوا لە نزیکترین کات دا ئەو کێشە تەکنیکییەکەش چارەسەر دەبێ."
