رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی نوێی راگەیاند بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی تاوەکو ئاستی 100٪ لەسەر درۆنە هاوردەکراوەکان و پارچەکانیان، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەمریکا بە بازاڕی چین کە لەم پیشەسازییەدا باڵادەستە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی، کە رۆژی هەینی، 14ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای پاراستنی "ئاسایشی نیشتمانی" دراوە. بەپێی بڕیارەکە، ئەو درۆنانەی کێشیان لە کاتی فڕیندا لە 25 کیلۆگرام زیاترە و خاوەنی تایبەتمەندیی ئەمنین، لەوانە کامێرای گەرمبین، پێناسی گومرگی 100٪یان دەخرێتە سەر. درۆنە بچووکەکانی دیکەیش 25٪ پێناسی گومرگییان بەسەردا دەسەپێندرێت. کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ئەم باجانە دەبنە هۆی "هاندانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی" و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە زنجیرە دابینکارییە بیانییەکان. بڕیارە زۆربەی ئەم باجە نوێیانە لە 3ی ئەیلوولی 2026ەوە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. کلایتۆن سوۆپ، شارەزا لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: "ئەم باجانە بە پلەی یەکەم درۆنە پیشەسازی و بازرگانییەکان دەکەنە ئامانج." کۆمیسیۆنی فیدراڵی بۆ پەیوەندییەکان لە ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابوو، درۆنە بیانییەکان مەترسیی سیخوڕی، چاودێریی بێ مۆڵەت و دزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکانیان لێ دەکرێت؛ ئاماژەی بەوەش کردووە درۆنەکان ئامێرێکن، کە زیان و سوودیشیان هەیە، واتا بۆ مەبەستی بازرگانی و وەک چەک یان هەستەوەری سەربازی بەکاردێن. کۆمپانیای دی جی ئایی چینی، کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی بازاڕی درۆنی جیهانی کۆنترۆڵ کردووە، لە پێشینەی ئەو کۆمپانیایانەیە کە واشنتن دەیەوێت سنوورداری بکات. ئەمریکا ئەم کۆمپانیایە تۆمەتبار دەکات بەوەی ئامێرەکانی بۆ چاودێریکردنی کەمینە نەتەوەییەکان لە چین، بەتایبەت ئویگورەکان بەکاردەهێنرێن. هەفتەی رابردوو چین وەک وەڵامێک بۆ سزاکانی واشنتن، رێگریی لە هەناردەکردنی درۆن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد. هەروەها لە کۆتایی تەممووزی رابردوودا، حکومەتی ئەمریکا رۆبۆتە مرۆییەکانیشی خستە لیستی رەشەوە، چونکە ئەو کەرتەش لەژێر کۆنتڕۆڵی پیشەسازیی چیندایە.