رووداو دیجیتاڵ سوپای لاتیڤیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆ درۆنێکیان خستووەتە خوارەوە، کە بە نایاسایی چووبووە ئاسمانیی وڵاتەکە. ئەمە دووەم درۆنە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لەو وڵاتەدا دەخرێتە خوارەوە. رۆژی هەینی، 14ی ئابی 2026، هێزە چەکدارەکانی لاتڤیا، کە وڵاتەکەیان ئەندامی ناتۆیە، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، مەترسییەکە کۆتایی هاتووە و فڕۆکە جەنگییەکان بە سەرکەوتوویی ئەو ئامێرە فڕیوە بێفڕۆکەوانەیان تێکشکاندووە. هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە، فینلاندی دراوسێشی رایگەیاند، کۆتوبەندی کاتیی خستووەتە سەر گەشتە ئاسمانی و دەریاییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی کەنداوی فینلاند. سوپای ئەو وڵاتە ئەم هەنگاوەی وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ سەلامەتی و بەهێزکردنی توانای بەرەنگاربوونەوەی درۆنەکان وەسف کرد. تەنیا چەند کاژێرێک دوای رووداوەکەی لاتڤیا، پارێزگاری ناوچەی لینینگراد لە باکووری رۆژئاوای رووسیا رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی 54 درۆنی ئۆکراینییان خستووەتە خوارەوە. ئەلێکساندەر درۆزدێنکۆ، پارێزگاری ناوچەکە ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئاگر لە بەندەری "ئوست-لوگا" لە دەریای باڵتیک کەوتووەتەوە. ئەمە دووەم رووداوی لەو شێوەیەیە لەم هەفتەیەدا؛ رۆژی دووشەممەش فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا کە لە چوارچێوەی ئەرکی چاودێریی ئاسمانیی ناتۆ لە ناوچەی باڵتیک جێگیرکراون، بۆ یەکەمجار درۆنێکیان لە ئاسمانی لاتڤیا خستە خوارەوە. هەفتەی رابردووش لە ئەڵمانیا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی لایپزیگ دۆزرایەوە، هەروەها گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هانۆڤەریش بەهۆی درۆن لە نێو کایەی ئاسمانیی فڕۆکەخانەکە پەککەوتبوون. ئەم رووداوانە ترسێکی زۆریان لە وڵاتانی ئەورووپا دروست کردووە کە رەنگە ئەم درۆنانە وەک ئامرازێکی تێکدەرانە و سیخوڕی لە لایەن رووسیاوە بەکاربهێنرێن.