لە شەڕی دژی ئۆکراینا، رووسیا بەشێوەیەکی روو لە زیادبوون مووشەکی مەودا درێژ بەکاردەهێنێت، لە بەرامبەریشدا ئۆکراینا بە هێرشی درۆنی قوڵایی خاکی رووسیا دەکاتە ئامانج.
ئیدارەی سەربازیی پایتەختی ئۆکراینا لە پۆستێکدا لە تەلەگرام هۆشداری دا لە "هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کیێڤ بەهۆی هەڕەشەی مووشەکی بالیستییەوە" و نزیکەی کاژێر 2:00ـی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆ داوای لە دانیشتووان کرد روو لە پەناگەکان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ڤیتاڵی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ روودانی "تەقینەوە لە پایتەخت"ی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە شارەکە "لەژێر هێرشی مووشەکی بالیستیکیدایە."
کەمێک دواتر، کلیچکۆ و دامودەزگەکان رایانگەیاند، ئاگرێک لە باڵەخانەیەک لە ناوچەی ئۆبۆلۆنسکی لە کیێڤ کەوتووەتەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی رابگەیێنرێت.
لەم کاتەدا، رووسیاش سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی شەپۆلێکی نوێی درۆنەکانی ئۆکراینا بوو کە لە ئاسمانی پایتەختەکەی نزیک دەبوونەوە.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ، لە چەند پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (ماکس)ـی پاڵپشتیکراو لەلایەن کرێمڵنەوە رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا نزیکەی 28 درۆنیان خستووەتە خوارەوە کە "بەرەو مۆسکۆ دەفڕین."
بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکراینی، هێزەکانی ئۆکراینا لە رێگەی درۆنەکانیانەوە پاڵاوگەکانی نەوت و ژێرخانی سەربازیی رووسیا دەکەنە ئامانج، لە کاتێکدا مۆسکۆ هێرشەکانی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا چڕتر دەکاتەوە و بەردەوامە لە ئاراستەکردنی شەپۆلی مووشەک بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا، لەنێویاندا کیێڤ، کە هەندێک جار بۆ ئەو مەبەستە مووشەکی بالیستیکیی کۆریای باکوور بەکاردەهێنێت.



