رووداو دیجتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو پایتەختی رووسیا رووبەڕووی هێرشێکی بێپێشینە بووەتەوە کە تێیدا 600 درۆن بەکارهێنراون. لە ئەنجامی هێرشەکاندا لە مۆسکۆ و رۆستۆڤ چەندین کەس کوژران و بریندار بوون.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ لە رێگەی پلاتفۆرمی "ماکس"ـەوە ئاشکرای کرد، لە کۆی ئەو 600 درۆنەی بەرەو مۆسکۆ رەوانە کرابوون، 201 درۆنیان لە ناوچەکانی دەوروبەری پایتەخت تێکشکێندراون.
بە گوتەی شارەوانیی مۆسکۆ، لانیکەم 3 کەس لە پایتەخت بریندار بوون.
لە دەسپێکی جەنگەوە، ئەم هێرشە بە یەکێک لە گەورەترین هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر مۆسکۆ دادەنرێت
لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، مۆسکۆ کە سەدان کیلۆمەتر لە بەرەکانی جەنگەوە دوورە، بە دەگمەن دەکرایە ئامانج. بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا کیێڤ هێرشەکانی بۆ قووڵایی خاکی رووسیا چڕتر کردووەتەوە.
کوژرانی سێ کەس لە رۆستۆڤ
لەلایەکی دیکەوە، یوری سلیوسار، پارێزگاری ناوچەی رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی رابردوودا سێ کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە. سلیوسار ئاماژەی بەوەش کرد، زیانێکی زۆر بەر باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و ناوچە پیشەسازییەکانی قەزای کامینسکی کەوتووە.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا چووەتە قۆناخێکی نوێی هێرشە دوورمەوداکان. ئەم پێشهاتە سەربازییانە گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا. کیێڤ دەیەوێت لە رێگەی ئەم جۆرە هێرشانەوە جەنگەکە بباتە ناو جەرگەی رووسیا تاوەکو مۆسکۆ ناچار بە پاشەکشە بکات.
ئێستا هەردوولا لە هەوڵی ئەوەدان لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە زیانی گەورە بە ژێرخانی یەکدی بگەیێنن، کە ئەمەش مەترسیی بۆ سەر ژیانی سڤیلەکان لە هەردوو وڵات زیاد کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)


