رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە بەشی چاودێریی منداڵان و دایکان لە نەخۆشخانەیەکی حکومیی ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، 14 کۆرپە گیانیان لەدەستدا.
رۆژی چوارشەممە 26ی ئابی 2026 نووسینگەی پارێزگای ئیسلامئاباد لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگرەکە لە نهۆمی سێیەمی بەشی منداڵان و دایکان لە نەخۆشخانەی گشتیی دامەزراوەی زانستە پزیشکییەکانی پاکستان (پیمس) کەوتووەتەوە، لە ئەنجامدا 14 کۆرپە گیانیان لەدەستداوە، بەبێ ئەوەی تەمەنی منداڵەکان ئاشکرا بکات.
کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و هەوڵەکانی فریاگوزاری
سوهەیل ئەشراف، کۆمیسیاری باڵای شاری ئیسلامئاباد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی باری لەناکاو بەر لە کاژێر 07:00ی بەیانی تۆمار کراوە و تیمەکانی فریاگوزاری، هێزەکانی پۆلیس و پسپۆڕان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی پاکستان هۆکاری تەواوەتیی کەوتنەوەی ئاگرەکەیان ئاشکرا نەکردووە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکەوە بەردەوامن.
کەمتەرخەمی لە رێکارەکانی سەلامەتی لە پاکستان
کەوتنەوەی ئاگری گەورە لە باڵەخانە و شوێنە گشتییەکانی پاکستان رووداوێکی دووبارەیە، زۆربەی جار بەهۆی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاساکانی سەلامەتی و نەبوونی مەرجی بیناسازیی دروست روودەدات.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، زیاتر لە 65 کەس لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەرێکی بازرگانی لە شاری (کاراچی) گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی 2023دا 11 کەس لە سەنتەرێکی دیکەی بازرگانی لە هەمان شاردا بوونە قوربانی.
لە ساڵی 2021دا 16 کرێکار لە کارگەیەکدا سووتان، لە ساڵی 2012دا زیاتر لە 250 کرێکار لە کارگەیەک لە ناوچەی (باڵدیا) لە کاراچی گیانیان لەدەستدا، کە هیچ دەرچەیەکی فریاگوزاریی تێدا نەبوو.
نەخۆشخانەی دامەزراوەی زانستە پزیشکییەکانی پاکستان (پیمس) یەکێکە لە گەورەترین و سەرەکیترین نەخۆشخانە حکومییەکان لە ئیسلامئابادی پایتەخت، رۆژانە بە هەزاران نەخۆش لە سەرانسەری وڵاتەکەوە سەردانی دەکەن.
لە زۆربەی نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکانی پاکستان، سیستمی بەرگری لە ئاگر و دەرچەی فریاگوزاریی باری لەناکاو بە شێوەیەکی ستاندارد بوونی نییە، ئەمەش وایکردووە کاتێک ئاگر لە باڵەخانەیەکدا دەکەوێتەوە، زیانی گیانیی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
