رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 30 کۆچبەری کورد، کە زۆربەیان خەڵکی هەولێر و سلێمانی و دهۆکن، لە یەکێک لە سەنتەرەکانی دیپۆرتکردنەوە لە فەرەنسا دەمێننەوە و چاوەڕێی گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.
کۆچبەرەکان دەڵێن، بەهۆی نەبوونی کاخەزی چاپکردنی پاسپۆرتی یەکجاری لە فەرەنسا، گەڕاندنەوەیان دواخراوە و دۆخی ژیانیان خراپە.
دیار جەمال، گەنجێکی 26 ساڵە و خەڵکی هەولێرە، بەناوی زیاتر لە 30 کۆچبەرەکەوە بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە سێ مانگە ناویان بۆ گەڕاندنەوە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنساوە داوای پاسپۆرتیان لێ دەکرێ.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، زۆربەی ئەو کۆچبەرانە لەکاتی چوونیان بۆ ئەورووپا پاسپۆرتەکانیان لەدەستداوە یان فڕێیانداوە.
دیار جەمال هەروەها گوتی، لەنێو کۆچبەرەکاندا خێزان و منداڵیش هەن و ژیانیان خراپە، چونکە رۆژانە تەنیا نزیکەی 10 یۆرۆیان پێدەدرێ.
لە بەرامبەردا سەلیم پاشا، بەرپرسی دۆسیەی کۆچبەران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هەر کۆچبەرێک کە دەیەوێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، پێویستە بە بەڵگە بیسەلمێنێت کە پاسپۆرتەکەی ون کردووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی حکومەت، سەلماندنی ونبوونی پاسپۆرت لە بنکەکانی پۆلیس بە ئاسانی دەکرێ.
سەلیم پاشا باسی لەوە کرد، فەرمانگەکە هەموو کارئاسانییەکی پێویست دەکات بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی کورد، دوای ئەوەی بەڵگەی سەلمێندراو پێشکێش بکەن.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
