رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی دەریایی وڵاتەکەی بێ ئەنجام دەبن و بە تانەشەوە ئاماژە بە درێژیی سنوورەکانی ئێران دەکات و دەڵێت: "سەرکەوتوو بن لە گەمارۆدانی وڵاتێک کە سنوورێکی وەهای هەبێت."
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی لە گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد، شەوی پێنجشەممە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا توانج لە هەوڵەکانی واشنتن دەگرێت بۆ گەمارۆدانی ئێران.
قالیباف لە پەیامەکەیدا بەراوردێکی جوگرافی بۆ درێژیی سنوورەکانی ئێران و ئەمریکا دەکات و دەنووسێت: "ئەگەر دوو دیوار دروست بکەن، یەکێکیان لە نیویۆرکەوە تاوەکو کەناراوەکانی رۆژئاوا و ئەوەی دیکەیان لە لۆس ئەنجلسەوە تاوەکو کەناراوەکانی رۆژهەڵات، کۆی درێژییەکەیان دەگاتە حەوت هەزار و 775 کیلۆمەتر؛ ئەمەش هێشتا نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە کۆی درێژیی سنوورەکانی ئێران کەمترە.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان13/05/2026
هێمن هەورامی: تەنیا 5%ـی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ سوودانی جێبەجێ کرا
کوردستان13/05/2026
بارین، ئەو کچەی بە هەڵگرتنی پەرداخێک ئێسکەکانی دەشکێن
"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە تانەوە رووی دەمی کردووەتە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی (جەنگ) ئەمریکا و نووسیویەتی: "تێبینی بۆ پیت هێگسەس؛ یەک کیلۆمەتر یەکسانە بە 0.62 میل."
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و (ئەمریکا/ئیسرائیل)، تاران تەنگەی هورمزی داخستووە، ئەوەش جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان و گواستنەوەی دەریایی لەو ناوچە ستراتیژییەدا پەکخستووە.
وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هەنگاوەی تاران، واشنتن لە 13ـی نیسانی 2026ـەوە زنجیرەیەک گەمارۆی تووندی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە، بە ئامانجی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ئەو وڵاتە و ناچارکردنی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
